"پابەندی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵین"

پەروێزخان قسەوباسی جوتیاران بۆ هاوردەی تەماتە رەتدەکاتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە گەرمیان، قسە و باسی بەشێک لە جوتیاران بۆ رێگەدان بە هاوردەی تەماتە لە وڵاتی ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێت، “بەهیچ جۆرێک باری تەماتە نەهاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان”.

لە رۆژی 15.9.2024 وە، بە بڕیاری وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رێگەدان بە هاوردەی تەماتە لە وڵاتی ئێرانەوە راگیراوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە و جوتیاران لەسەری قسەیان کردووە، “دەوترێ لە هەمان دەروازە هاوردەی تەماتە بەردەوامە”.

هۆکاری ئەوە قسە و باسانەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بری بەرزبوونەوە، نرخی تەماتە بۆ 200 دینار دابەزیوە لە کاتێکدا وەزیری کشتوکاڵ بۆ پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆ، بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە دەرکردووە.

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە روونكردنەوەیەكدا ئەمڕۆ 18.9.2024 دەڵێت، “ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە لە دەروازەی پەروێزخانەوە باری تەماتە دێتە ناو هەرێمی کوردستان، بەهەموو شێوەیەک سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوەو دوورە لە راستییەوە”.

“بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین بەهیچ جۆرێک لە دەروازەکەمانەوە باری تەماتە نەهاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان، ئێمە لەبەڕێوەبەرایتمان بەهەموو شێوەیەک پابەندین بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەر بۆیە بەپێی رێنمایەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ رێگە بە باری تەماتە نەدراوە لە دەروازەکەمانەوە بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە”.

پێشتر، سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی بە 964ی وت، “ئێستادا عەلوەی سلێمانی هیچ تەماتەیەکی هاوردەی تێدانییە و هەمووی بەرهەمی ناوخۆیە و جوتیارانی پێنجوێنیش لە %30 بەرهەمەکەیان دەنێرنە عەلوەی سلێمانی و لە %70ی بەرهەمەکشیان لە پێنجوێن دەفرۆشن”.

ئەو وتی، “لەگەڵ ئەوەشدا، بەرهەمی تەماتە بۆ بازاڕی ناوخۆ زیادی هەیە، هەرچەندە لە دوای بڕیاری وەزیری کشتوکاڵ، بەشێکی زۆری جوتیاران تەماتەکەیان نەچنیوە و چاوەڕێن تاوەکو نرخەکەی بەرزببێتەوە”.

سەندیکای عەلوە: بڕیارەکەی وەزیر نرخی تەماتەی بەرزنەکر...

سەندیکای عەلوە: بڕیارەکەی وەزیر نرخی تەماتەی بەرزنەکردووەتەوە

بەشێک لە جوتیارەکانی پێنجوێن چاوەڕێی نرخن و تەماتە ناچ...

بەشێک لە جوتیارەکانی پێنجوێن چاوەڕێی نرخن و تەماتە ناچنن