هێرشى درۆنى بووە و دژە تیرۆر دەڵێت کوژراو هەیە

ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سەر کامپى مەخمور دەرچوو

وریا فەتاح

هەرچەندە، هەر زوو ئەندامێکى لیژنەى بەڕێوەبردنى کامپى مەخمور بە 964ـى وت،” دەنگەکەى کامپى مەخمور هێرشى درۆنى نەبووە و تەقینى غاز بووە”، بەڵام ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان ئاشکرابوون کە هێرشى درۆنى بووە، دژەتیرۆرى کوردستانیش دەڵێت: کەسێک کوژراوە و دوانى دیکەش بریندارن.

بێوار ئەمین، ئەندامى بەڕێوەبەرایەتى لیژنەى پەیوەندییەکانى کامپى مەخمور کە بە کامپى شەهید رۆستەم جودى ناسراوە، لە سەرەتاى رووداوەکە بە 964ـى وت،” غاز تەقیوە و هێرشى درۆنى نەبووە”، بەڵام لە کاتژمێر 12:05 خولەک پەیوەندى بە 964ـەوە کردەوە و وتى،”هێرشى درۆنى بووە و ئەو زانیارییەى پێشووتر پێمدابوون راست نەبووە”.

بەپێى لێدوانى بێوار ئەمین، دواى رووداوەکە پۆلیسى کامپەکە دەستى بە لێکۆڵینەوە کردووە و گەیشتووە بەو ئەنجامەى کە هێرشى درۆنى ئەنجامدراوە و ئەوەى روویداوە هێرشى درۆنى بووە.

بە وتەى بێوار ئەمین،” بۆدومانەکە لە باخێکى ترێ بووە کە لەو کاتەدا دۆشاوى ترێ دروست دەکرا و بەر ئەو بوتڵى غازە کەوتووە کە دۆشاوى ترێى پێ دروستکراوە، ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى بوتڵەکە بتەقێت و هەر ئەوەش واى کرد سەرەتا وا بزانین تەقینى بوتڵى غاز بووە نەک هێرشى درۆنى”.

جەختیشى کردەوە کە لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکى گیانى نەبووە، بەڵام هەرچى دژەتیرۆرى کوردستانە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: لە بۆردومانەکەدا کەسێک کوژراوە و دوانیش بریندارن.

کامپەکە لە ساڵى 1998ـەوە لە بنارى چیاى قەرەچوغ لە قەزاى مەخمور دروستکراوە و تایبەتە بە پەنابەرانى باکورى کوردستان، پێشتریش چەندین جار لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کراوە، بیانووەکەشى ئەوەیە کە کامپەکە بووە بە شوێنى حەوانەوە و پێگەیاندنى ئەندامانى پەکەکە.