راپەڕین
چوار کەس بریندار بوون و گەشتەکەیان لێ تێکچوو
فەرمان مەلا حەسەن
بەهۆی رەشەبای ئەمڕۆ هەینی لە دەڤەری راپەڕین ستافی کۆمپانیایەکی نانی تیری گەشتەکەیان لێ تێکچوو، چوار کەسیشیان بریندار بوون.
وشیار ئیبراهیم خاوەنی کۆمپانیای نانی تیری بەرەکەت بە 964ی راگەیاند، “گەشتێکمان بۆ خانمانی کۆمپانا سازکرد بۆ دەربەندی رانیە، بەڵام کاتژمێر 2.25 خولەک رەشەبا هەڵی کرد و خێوەتمان شکا و چوار کەسمان سەر و قۆڵیان شکا، هەندێکی دیکەش ئازار بە سک و پشتیان کەوت، هەروەها خەریک بوو منداڵەکان بکەونە ناو ئاوی دەربەند”.
وشیار ئیبراهیم دەڵێت، “لە نیو دەقەدا باران و با و زریانێک هات، کە لە ژیانمدا شتی وام نەدیوە و خەریک بوو کارەساتێکی گەورە رووبدات، چونکە ژن و منداڵی زۆرمان لەگەڵ بوو”.
“بایەکە ئەوەندە بەهێز و خێوەت و ژمارەیەک کەسی ئێمەی بەرەو ئاوەکە دەبرد و خەریک بوو بکەونە ئاوەکەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا شتێکی زۆر خراپ رووینەدا و تەنیا ئەو چوار کارمەندە بە خراپی بریندار بوون”، خاوەن کۆمپانیاکە وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا