میلانیا ترەمپ چی پۆست كردووە؟

دۆناڵدۆ ترەمپ: هیچ شتێك ناموەستێنێت و خۆم بە دەستەوە نادەم

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و بەربژێری كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، رایگەیاند، هیچ شتێك نایوەستێنێت و خۆی بە دەستەوە نادات.
ئەمڕۆ یەكشەممە 15.9.2024 لە نزیك هەوارگەی ترەمپ لە فلۆریدا، تەقە كراوە و سەرچاوەكان هەواڵی دژبەیەك لەمبارەیەوە بڵاودەكەنەوە.

تۆڕی هەواڵی CNN له‌ زاری به‌رپرسانی ئه‌مریكاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ته‌قه‌كان بۆ به‌ئامانجگرتنی تره‌مپ كراون.
به‌ڵام تەلەڤزیۆنی ABCی ئەمریكی ئاشكرای كرد، ئەو تەقانەی ئەمڕۆ لە نزیك شوێنی مانەوەی دۆناڵد ترەمپ كراون، مەبەست لێی بەئامانجگرتنی ئەو نەبووە.

ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە

ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕی ئێكس بڵاوبووەتەوە، كە لە كامێرای چاودێرییەوە تۆمار كراوە و لە ماڵێكی نزیكی هەوارگەی ترەمپ لە پاڵم بیج لە فلۆریدا، كەسێك دەچیتە دەرەوە و دواتر دەنگی چەند تەقەیەك دەبیسترێت، بەڵام لەوە زیاتر دیار نییە چی روویداوە.

كوڕەكەی ترەمپ قسە دەكات
جۆنیۆر كوڕی دۆناڵد ترەمپ، بە میدیاكانی ئەمریكای وتوە، لە دەوروبەری شوێنی تەقەكان چەكێكی كلاشینكۆڤ دۆزراوەتەوە و دەنگۆی دەستگیركردنی كەسێكیش هەیە.

خزمەتی نهێنی چی دەڵێن؟
دەزگای خزمەتی نهێنیی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكەن، رووداوەكە نزیكی كاتژمێر دووی نیوەڕۆ بە كاتی ئەمریكا روویداوە (18:00 بە كاتی گرێنچ) و ئێستا خەریكی لێكۆڵینەوەن.

سەرەتا هەواڵەكە چۆن باس كرا؟
سەرۆكی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رایانگەیاند، تەقە لە نزیك شوێنی مانەوەی ترەمپ كراوە.

سەرۆكی تیمەكەی ترەمپ بە میدیاكانی ئەمریكای راگەیاند، لە نزیك شوێنی ترەمپ لە پاڵم بیچ لە فلۆریدا، لە كاتێكدا سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، خەریكی یاریی گۆڵف بووە، تەقە لە نزیكی شوێنەكە كراوە.
ئەوان وتیان ترەمپ سەلامەتە.

میلانیا ترەمپ چی پۆست كردووە؟

پێش ئەوەی رووداوی تەقەكردنەوە رووبدات، میلانیای ژنی ترەمپ ئەمڕۆ لە تۆڕی ئێکس نووسیبووی: ئاگاداری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI بن، چونکە تایبەتمەندی هیچ کەس ناپارێزێت.
ساڵی 2022 بۆ پشکنین FBI چووە ماڵەکەی ترمپ لە مارەلۆگۆ، میلانیا لەبارەی ئەو رووداوەوە دەڵێت: هەرگیز باوەڕم نەدەکرد حکومەت پێشێلکاریمان بەرامبەر بکات و کەلوپەلە تایبەتەکانم بپشکنن.

نیویۆرك پۆست شتێكی دیكەی وت
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، رۆژنامەی نیویۆرك پۆست بڵاویكردەوە، دوو كەس لە نزیك هەوارگەكەی ترەمپ لە فلۆریدا تەقەیان لەیەك كردووە و تیمەكەی ترەمپ ئەویان پاراستووە.

كۆشكی سپی قسەیان هەیە
كۆشكی سپی رایگەیاند، جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا و كامالا هاریسی جێگری سەرۆك و ركابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، هەست بە ئاسوودەیی دەكەن بەوەی ترەمپ سەلامەتە و هیچی لێنەهاتووە و ئەوانیش لای خۆیان بەدواداچوون بۆ رووداوەكە دەكەن.

لێكۆڵینەوە بەردەوامە
نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریكا FBI  و تیمی خزمه‌تی نهێنی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن و بەدوای سەرچاوەی تەقەكان و بكەرانی دەگەڕێن.

ئەمە جاری یەكەم نییە
ترەمپ لە تەمووزی رابردوو هەوڵی كوشتنی درا و لە پێنسلڤانیا كاتێك قسەی بۆ هەوادارانی دەكرد، تەقەی لێكرا و گوێچكەی بە سووكی بریندار بوو، دواتر تەقەكەرەكە كوژرا.

بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بێتە ئەنجامدان و دۆناڵد ترەمپ كاندیدی پارتی كۆمارییە و ركابەریی كامالا هاریس دەكات، كە كاندیدی پارتی دیموكراتە و ئێستاش جێگری سەرۆكی ئەمریكایە.

جارێكی دیكە لە نزیك دۆناڵد ترەمپ تەقە كرا

جارێكی دیكە لە نزیك دۆناڵد ترەمپ تەقە كرا