فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌

دۆسیه‌ى به‌خشراوه‌کەى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌كوێ گه‌یشت ؟

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌یه‌كه‌ دۆسیه‌ى به‌خشراوێكی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ سه‌رپێچیی ژینگه‌یی كردووه‌، له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، سه‌رپێچییه‌كه‌ى ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا زبڵ و خاشاكێكی زۆرى كۆ‌كردبووه‌وه‌ و ببووه‌ هۆى پیسكردنى ژینگه‌ و ئه‌گه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی له‌و گه‌ڕه‌كه‌.

ماڵى ئه‌م به‌خشراوه‌ لە گەڕەکی گوڵان بەرانبەر په‌روه‌رده‌ی هەڵەبجەیه‌.

بابه‌ته‌كە هی ئه‌مڕۆ نییه‌، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ پێی ئاگاداره‌، هه‌رچه‌نده‌ دۆسیه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر، به‌ڵام ژینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ پێی باشه‌ دۆسیه‌كه‌ى راده‌ستى چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تى بكرێت و ئه‌وان له‌ رووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌م به‌خشراوه‌ بكه‌ن.

سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌ 28.7.2024 ئاگادارى ئه‌و بابه‌ته‌ كراوه‌نه‌ته‌وه‌ و لیژنه‌ى سه‌رپێچییه‌كانیان بۆ ئه‌و ماڵه‌ ناردووه‌، ده‌ركه‌وت كۆكردنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاكێكی زۆر له‌لایه‌ن ئه‌م به‌خشراوه‌وه‌، ببووە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش و بێزارکردنی هاوڵاتیان.

وتیشی “هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و کاروباری کۆمەڵایەتیمان ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌ چاره‌سه‌رى به‌خشراوه‌كه‌ بكه‌ن”.

ئەو نایشارێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى به‌خشراوه‌كه‌ كردوویه‌تى جگه‌ له‌وه‌ى سه‌رپێچی ژینگه‌ییه‌، هه‌مانكات سه‌رپێچی ته‌ندروستیشه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نى ته‌ندروستیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بێنه‌ سه‌رخه‌ت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئێستا دۆسیه‌كه‌ى له‌ دادگایه‌، داواى نوێنه‌ری ئه‌وانیان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بچن قسه‌ى خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ لاى دادوه‌ر بكەن.

سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان روونیكرده‌وه،‌ پێویسته‌ ئەم جۆره کارانه‌ له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌ رابگیرین و چارەسەری پێویستیش بۆ ئه‌و كه‌سه‌ بكرێت.

وێنه‌ى ئۆتۆمبێلێكی فەرمانگەی ژینگەی هەڵه‌بجە گیراوه...

وێنه‌ى ئۆتۆمبێلێكی فەرمانگەی ژینگەی هەڵه‌بجە گیراوه‌ دوكەڵ بڵاودەكاتەوە