باتوفا لە خەم دەرەخسێت.. بایی 17 ملیار دینار پڕۆژەیان بۆ دەکرێت

+964

 شڤان عەبدوڵڵا – زاخۆ

هەر لە دروستکردنی قوتابخانە بگرە تا دەگاتە شەقام و کارگەی لە قوتوونان لە قەزای باتوفا دروست دەکرێن. وەبەرهێنانی زاخۆش دەڵێ: پڕۆژەکان بایی 17 ملیار دینارە.

بە بەهای 17 ملیار و 158 ملیۆن دینار بڕیارە پڕۆژە لە قەزای باتوفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست بکرێن. بەشێک لە پڕۆژەکانیش دەکەونە قەزای زاخۆی ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

شڤان عەبدی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تۆڕی964ـی وت: پڕۆژەکان خۆیان لە دروستکردنی قوتابخانە، یاریگا، نەخۆشخانە، بەنداوی بچووک، کارەبا، شەقام، ئاوەڕۆ و چەندین پڕۆژە وخزمەتگوزاری دیکە دەبیننەوە.

زیاتر وتی “لەماوەی نزیکی داهاتوودا پڕۆژەیەکی پیشەسازی لە گوندی شیناڤای سەر بە قەزای زاخۆ دروست دەکرێت کە پێنج هەزار دەرفەتی کار دەرەخسێنێت”.

هەر پێوەند بە قەزای باتوفا، جگەرخوین تاهیر بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی زاخۆ قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێ: یەکێک لەو پڕۆژانەی لە باتوفا دەکرێت، کارگەیەکی لە قوتوونانە کە سێو و هەنجیر و تەماتە و، بەرهەمی سەوزە و میوە لە قوتوو دەنێت.