کارمەندانى فەرمانگەى ژینگەى سۆران لەکاتى بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەک...وێنە: فەرمانگەى ژینگەى سۆران
فەرمانگەى ژینگە بڕیاری دا
لهمهودوا پرۆژهكانی ئیدارهی سۆران بێ كهشفی ژینگهیی تێناپهرن
وریا فەتاح
فەرمانگەى ژینگەى سۆران رایدەگەیەنێت، لەمەودوا خۆیان کەشف بۆ پڕۆژەکان دەکەن، هەر پڕۆژەیەک مۆڵەتى ژینگەیى نەبێت دەبێت پڕۆژەى لەبرى سەوزکردن ئەنجام بدات و هەر پڕۆژەیەکیش دەست بەکار بکات، مۆڵەتى پێنادرێت هەتا مۆڵەتى ژینگەى پێنەدرێت.
پڕۆژەى لەبرى سەوزکردن چییە؟
هەر پڕۆەژەیەک کە مۆڵەتی وەرگرت دەبێت لە %25ـی پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی، بەڵام ئەوانەی ئەو رێژەی پڕۆژەکەیان نەکردووەتە سەوزایی، پێویستە لە بری پڕۆژەکەی خۆی شوێنێکی دیکە، کە فەرمانگەى ژینگە بۆى دیاریی دەکات بکاتە سەوزایی و بۆ ماوەى سێ ساڵ چاودێرى بکات و سیستمى ئاو و ئاوەڕۆى بۆ دابین بکات.
هەژار ماهیر، بهڕێوهبهرى فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی وت، “لەمەودوا هەر پڕۆژەیەک چ کشتوکاڵى، گەشتیارى، وەبەرهێنان بێت، دەبێت مۆڵەتى ژینگەى لە فەرمانگەى ژینگەى سۆران وەربگرێت، ئینجا دەست بە کارکردن بکات.
وەک باسى دەکات، پڕۆژەى وەبەرهێنان و باخچە و قوتابخانە ناحکومییەکان پێویستە لەگەڵ دەرهێنانى مۆڵەتى ژینگەیى 25 بۆ 30%ـى رووبەرى پڕۆژەکەیان بکەنە سەوزایى و رێنماییەکانى دیکەش جێبەجێبکەن، بە تایبەت لە دانانى مۆلیدە و بێدەنگکردنى.
لەبارەى ئەو پڕۆژانەى پێشتر ئەنجامدراون، بەڵام مۆڵەتى ژینگەییان نییە، هەژار ماهیر روونى کردەوە، لە مانگى 10ـەوە لیژنەکانیان سەردانیان دەکەن و دەکەونە چوارچێوەى پڕۆژەى لەبرى سەوزکردن و هەر پڕۆژەیەک کەمى هەبێت لە سەوزکردنى 25 بۆ 30%ـى رێژەى سەوزایى، ئەوا دەبێت لە شوێنێکى دیکە سەوزایى ئەنجام بدەن، واتا ئەگەر پڕۆژەیەک 10%ـى سەوز کردبوو، دەبێت 15%ـى سەوزایى لەشوێنێکى دیکە ئەنجام بدات کە فەرمانگەى ژینگە بۆى دیارى دەکات.
بەپێى رێنمایى ژمارە 2ـى ساڵى 2022، فەرمانگە ژینگەییەکان بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان دەکەن و لە کەموکوڕییە ژینگەییەکان دەکۆڵنەوە.