زانکۆی سۆران. وێنە:964
لە رێگەی پرۆگرامێکەوە
زانکۆی سۆران پەرە بە توانای خوێندکارەکانی دەدات
+964
ژێوار خدر
لە رێگەی پڕۆگرامێکی فرە کلتورییەوە زانکۆی سۆران، پەرە بە کارامەیی و لێهاتووییەکانی خوێندکارانی دەدات.
خوێندکارانی زانکۆی سۆران تا بەرواری 20.9.2024 دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ژمارەی بەشداربووانیش سنووردارە و لە رێگەی چاوپێکەوتنەوە هەڵدەبژێردرێن.
بەپێی نوسراوێک کە زانکۆکە لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەیان بڵاویان کردووەتەوە، پڕۆگرامەکە ناوی سۆلیایە و پرۆگرامێکی فرە کلتوورییە، یارمەتی خوێندکارانی زانکۆ دەدات لە سەرجەم کیشوەرەکانی وەک: ئەمریکا، ئەوروپا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، پەیوەندی لەگەڵ یەک درووست بکەن، تێگەیشتنێکی قوڵتر بۆ تێڕوانینی کەسانی دیکە لە سەرانسەری جیهان لەسەر کێشە جیهانییەکان دابمەزرێنن، بۆ پەرەپێدانی شارەزاییە پێویستەکانیان بۆ سەدەی 21.
روونیشیکردووەتەوە، لەم پڕۆگرامەدا، هەر خوێندکارێک دەخرێتە ناو گروپێک، کە نزیکەی 10 قوتابی لە چەند شوێنێکی جیاوازەکانی جیهانەوە تێدایە، هەر گروپێک هەفتەی یەک رۆژ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بە ئۆنڵاین چاوپێکەوتنیان دەبێت لە رێگەی پڵاتفۆرمێکی ڤیدیۆییەوە.
دەشڵێت، پڕۆگرامەکە ماوەی هەشت هەفتە دەخایەنێت، لە 14.10.2024 بۆ 6.12.2024 بەردەوام دەبێت، لە ماوەی دانیشتنەکاندا خوێندکاران ئاڵوگۆڕی بیروڕا و زانیارییەکانیان دەکەن.
باسی لەوەش کردووە، ئەو خوێندکارانەی بەشداری پرۆگرامەکە دەکەن، پەرە بە کارامەیی و لێهاتووییەکانیان لە بوارەکانی: سەرکردایەتی، شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پەیوەندی نێوان کلتوورەکان، کارکردن بە تیم، چارەسەرکردنی کێشەی هاوبەش و تێکەڵبوون لەگەڵ جیاوازییەکان بە شیوەیەکی بنیاتنەر دەدەن.
لە کۆتاییشدا، خوێندکارەکان بڕوانامەی سۆلیا وەردەگرن، لەگەڵ دەرچووانی پرۆگرامەکە لە پەیوەندیدا دەبن، کە ژمارەیان نزیکەی 32 هەزار کەسە لە سەرانسەری جیهان، دەتوانن بەشداری لەکۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، پڕۆگرامی راهێنانی تواناکان، پڕۆگرامەکانی بەهێزکردنی گەنجان، وۆرکشۆپەکانی پەرەپێدانی شارەزایی و خولەکانی راهێنان بکەن.
لە رێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن ناوی خۆتان تۆمار بکەن
