داوای ئازادکردنیان دەکات
دەستەی مافی مرۆڤ: چوار منداڵی خێزانێکی کەمپی شاریا رفێندراون
964+
ژووری هەواڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چوار منداڵی خێزانكی کەمپی شاریا لە دهۆک رفێندراون و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات رێکاری پێویست بۆ دۆزینەوەیان بگرنە بەر.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەستەکە بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی 5.9.2024 چەکدارێک لە رێگەی کەمپی شاریا رێگەی لە خێزانێک گرتووە و چوار منداڵی خێزانەکەی رفاندووە، لەبەرامبەر ئازادکردنیشیان داوای پارە و واژوکردنی بەڵگەنامەیان لێدەکات.
چەکدارەکە و ئەو خێزانەی کە منداڵەکانیان لێڕفێندراوە خەڵکی سنوری قەزای شنگالن، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وا دەڵێت.
“دەستەی مافی مرۆڤ بەتۆندی ئیدانەی ئەم کارە نامرۆییە دەکات وە داوا لەدەزگا یاسایی و ئەمنیەکانی ناوچەکە دەکات رێکاری ئەمنی پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەو رادەست کردنیان بەدادگا و وەرگرتنی سزای خۆیان”، دەستەکە وا دەڵێت.