عەلی زەیدی خۆی سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکات

لە ناوچەی سەوز چی روویدا؛ وردەکاریی دەستگیرکردنی سەرکردە باڵاکان

پەری ساڵح

سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، هێزێکی هاوبەش کە پێکهاتووە لە دەزگای دژە تیرۆر، سوپای عێراق، و دەزگا ئەمنییەکانی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، لە چەندین شوێنی ناو ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە، هاوکات رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لە چەندین دەروازە و رێگای سەرەکی کە بەرەو ناوچەکە دەچن، گیراوەتەبەر.

بەپێی راپۆرتێکی شەرقولئەوسەت، هێزەکە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری کە بەرپرسانی سیاسی، حکومی، پەرلەمانتاران، ئەفسەرانی ئەمنی کردووەتە ئامانج، لەسەر پاشخانی دۆسیەی پێوەندیدار بە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە چەند بەندکراوێک گواستراونەتەوە بۆ دەستەی دەستپاکی (نزاهە).

سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، خۆی سەرپەرشتی هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانی کردووە

شەرقولئەوسەت لە زاری بەرپرسێکی حوکمییەوە ئاشکرای کردووە کە، سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی سەرپەرشتی هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانی کردووە و ئەو کەسانەی کردووەتە ئامانج کە تێوەگلاون لە کەیسەکانی گەندەڵی، دەستگیرکردنەکان لەسەر بنەمای فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری جێبەجێ کراون، فیرقەی تایبەت و دەزگای دژە تیرۆر بەشدار بوون لە جێبەجێکردنی دەستگیرکردنەکاندا.

بەرپرسێکی عێراقیش پێشتر بە شەرقولئەوسەتی وتووە، کە دەسەڵاتدارانی جێبەجێکاری یاسا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان لە بەغدا، وەک ئەو کاربەدەستە دەڵێت، “دەستگیرکراوەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 28.6.2026 دەخرێنە بەردەم دادگا”.

ئەو بەرپرسە روونیشی کردووەتەوە کە هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان، هاوکات لەگەڵ پشووی یاساداناندا، پارێزبەندیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لاداوە کە دەستگیرکراون.

هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا بووە، ناوچەی سەوزیش لە ناوەڕاستی بەغدا تا ئێستا بە داخراوی ماوەتەوە، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق پڕۆسەی پشکنین لە دەوروبەریدا جێبەجێ دەکەن.

بە قسەی شایەتحاڵەکانیش، کاتێک ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەکداری ئەمنی، دەوروبەری ماڵ و ڤێلاکانی ناو ناوچەی سەوزیان گرتووە، هێزێکی دەزگای دژە تیرۆر لەگەڵ پاسەوانانی یەکێک لە کەسایەتییەکان لە کاتی هەوڵی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکەیدا بەشەڕ هاتوون و پێکدادان روویداوە.