ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بۆ تیمی دانوستاکار؛

“فریوی پیلانەکانی دوژمن مەخۆن و هێڵە سوورەکان مەبەزێنن”

شۆڕش قادری

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران داوا لە تیمی دانوستانکار و حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، فریوی فێڵ و پیلانەکانی ئەمریکا نەخۆن و لە ئاست هێرشەکانی ئەم دواییەش بێدەنگ نەبن.

چەند رۆژێکە ئەمریکا و ئێران ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکتر لە گەرووی هورمز و دەورووبەری و هەردوولاش یەکتر بە پێشلکردنی ئاگربەست و بەڵێنەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، “بە سەرنجدان لە ئەزموونی دانوستانەکانی رابردوو کە زیانیان هەبوو، چاوەڕێین ئەمجارە تیمی دانوستانکار وریای فێڵ و پیلانەکانی دوژمن بێ و رەچاوی ئەو هێڵە سوورانە بکات کە لەلایەن رابەرەوە دیاریکراون و پێشێلکردنیان بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە”.

داواشیان کردووە، لە خوێنی رابەر و سەرکردە باڵاکانی وڵاتەکەیان خۆش نەبن و تۆڵەیان لە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بکرێتەوە، جگە لەوەش بەزووترین کات وەڵامی پێشێلکردنی بەڵێنەکان و بەندەکانی ناو لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بدرێتەوە.