سوپای پاسداران هۆشداری دەدات
“ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمشەو ئێران کردی تەنیا هۆشدارییەک بوو”
فەرهاد حەسەن
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل، کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکان، تەواوی ئامانجەکانی وڵاتەکانیان لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاماژەدان بە هێرشە موشەکییە نوێیەکەی ئێران دژی ئیسرائیل، وتی “ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمشەو تەنیا هۆشدارییەک بوو.”
هۆشداریشی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل ، کە ئەگەر دووبارە دەستدرێژییەکان ئەنجام بدەنەوە، ئەوا وەڵامەکانیان بەرفراوانتر دەبن و “تەواوی ئامانجەکانی ئەمریکی ـ زایۆنی لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە.”
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە وەڵامی پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیروت، هێرشی مووشەکیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
لایخۆشییەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کردووە و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو هەڕەشانە چالاک کراون.