لە پێنجوێن
شۆفێرێک کەوتە نێوان دوو بارهەڵگر و گیانی لەدەست دا
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
شۆفێری بارهەڵگرێک بارهەڵگرەکەی بەردەبێتەوە و لەو کاتەی رادەکات بۆ ئەوەی بیوەستێنێت دەکەوێتە نێوان بارهەڵگرێکی دیکە و بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
سامان نادر، وتەبێژی سەنتەری فریاگوزاری خێرای سلێمانی بە 964ـی وت، شۆفێرەکە تەمەنی 52 ساڵ بووە، لەدوای گەیشتنی بە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، رووداوەکە بەو شێوە بووە، کە شۆفێرەکە بارهەڵگرەکەی بردووەتە سەر قەپانەکە و کاتێک دابەزیوە بارهەڵگرەکەی بەربووەتەوە و رۆیشتووە بۆ جادەی سەرەکی.
وتیشی، لەو کاتەدا بارهەڵگرەکە بەرەو تانکەرێک رۆیشتووە و شۆفێرەکە هەوڵیداوە بیگرێتەوە، بەڵام کەوتووەتە نێوانی هەردووکیان و گیانی لەدەستداوە.
کارمەندێکی هاتوچۆی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، بارهەڵگرەکەی دیکە تانکەرێکی ئێرانی بووە و لەوێدا وەستاوە، ئەو بارهەڵگرەش خۆڵی بارکردووە و لەو کاتەی شۆفڵەکە گڵی کردووەتە گەڵابەکەی بەربووەتەوە و لەسەر قەپانەکە رۆشتووە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر