فەرماندەیەكی نوێ بۆ هێزەكانی ئەڵمانیا لە كوردستان دیاریی كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەیەكی نوێ بۆ هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان كرا، دوای ئەوەی فەرماندەكەی ئێستا کۆتایی بە ئەرکەکەی هات.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ 9.9.2024 بڵاویكردەوە، کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، لەوێدا ماڵئاوایی یەکجاری لە سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق روکن عیسا عوزێر و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی کۆتایی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان هات و لە شوێنی ئەویشدا کۆڵۆنێڵ تۆماس ریتەر وەک جێگرەوە و فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان كرا و بە سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی دیكەی وەزارەت ناسێندرا.
ئەڵمانیای فیدراڵ لهگەڵ دروستبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە 2014، هێزەكانی لە هەرێمی كوردستانن و لە رێگەی راوێژكارانی سەربازییەوە هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستیان كردووە، بە تایبەتی لە رووی مەشق و دابینكردنی پێداویستی و لایەنی تەندروستی، هەروەها لە پڕۆسەی چاکسازی، كە ماوەیەكە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێكردووە بۆ یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.