دۆلار بەنیاز نییە دابەزێت

+964
عادل کانەبی

نرخی دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراق هەر لە بەرزیدایە و وادیارە بەنیاز نەبێت بەمزووانە دابەزێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، نرخی 100 یەکسانە بە 163 هەزار دینار.

کەمتر لە دوو مانگە، نرخی دۆلار ناجێگیرە، بەردەوام نرخەكەی لە هەڵكشان و داکشاندایە، بەجۆرێك لە ماوەی رابردوو نرخی 100 دۆلار تاوەکو نزیکەی 169 هەزار دینار بەرزبووەوە.

بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار لە ماوەی پێشوو حکومەتی عێراق چەند هەنگاوێکی گرتە بەر یەکێک لەوانە فرۆشتنی دۆلار بوو بە شێوەی راستەوخۆ لە رێگەی لقەکانی بانکی ناوەندیی، هەروەها گۆڕینی پارێزگاری بانکەکە، ئەوە جگە لە داخستنی چەندین شوێنی گۆڕینەوەی دراو کە بە قسەی هێزە ئەمنییەکان یارییان بە نرخی دۆلار کردووە.

شەوی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فرانس24 باسی لەوە کردووە، کە لە ساڵی 2003وە ئابووری عێراق ئەوەندەی ئێستا بەهێز نەبووە.

جەختیشی لە چارەسەرکردنی گرانیی نرخی دۆلار کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەسەر ئەو پرسە، بەمزووانە شاندێکی عێراقی دەچێتە واشنتۆن.