دواى بەغدا
پزیشکیان دێتە هەولێر
964+
وریا فەتاح
بڕیارە رۆژى 11ـى ئەم مانگە، سەرۆک کۆمارى ئێران سەردانى بەغداد بکات و دواتریش دێتە هەولێر.
یەکەم سەردانى پزیشکیانە بۆ دەرەوەى وڵات، دواى بوونى بە سەرۆک کۆمارى ئێران.
نازم دەباغ، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران بە 964ـى وت،”بڕیارە 11ـى ئەم مانگە کە دەکاتە رۆژى چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان سەردانى بەغدا بکات”.
باسى لەوەشکرد، سەردانەکە لەرووى پڕۆتۆکۆڵییەوە بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵاتە.
نازم دەباغ ئاشکراى کرد، دواى بەغدا سەرۆک کۆمارى ئێران دەچێتە هەولێر.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى تەسنیم، سەبارەت بە ئامانجەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆمارى ئێران بۆ عێراق، محەمەد کازم سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و ئەمنی یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم سەفەرەیە.
“ئەم گەشتە بە واژۆکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن کۆتایی دێت، کە هاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتن هەیە سەبارەت بە فایلە ئەمنییەکان”، باڵیۆزى ئێران لە عێراق واى وتووە.