"لەناو زەرفێکدا و یەکجێ دزیویەتی"

سێ دەفتەر دۆلاری لەناو بازاڕی سلێمانی دزی؛ دەستگیر کرا

شۆڕش قادری

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە تۆمەتبارە بە دزینی سێ دەفتەر دۆلار واتە 30 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، “دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمار کردووە لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ کە بڕی سێ دەفتەر دۆلاری ئەمریکی لەناو زەرفێکدا لەناو بازاڕی شاری سلێمانی لێدزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەکە وەرگیراوە و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، توانراوە لەلایەن مەفرەزەکانی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیر بکرێت”.

پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری تۆمەتبارەکەیان دۆزیوەتەوە و لەکاتی دەستگیر کردنیشیدا  دەستگیراوە بەسەر 25 هەزار و 350 دۆلار کە تۆمەتبار لە ناو ماڵەکەیدا شاردبووەیەوە.

تۆمەتبار بەناوی ( ک، ئ، ب)  لەدایکبووی ساڵی 1987ـە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.