رێککەوتن کراوە

“تا ئەیلوولی 2025 هاوپەیمانان لە عێراق نامێنن”

964+
ئەحمەد مستەفا

واشنتۆن و بەغدا لەسەر پلانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە خاکی عێراق گەیشتنە رێککەوتن، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، پلانەکە بریتییە لە جێهێشتنی سەدان سەربازی هێزی هاوپەیمانان تا مانگی ئەیلولی 2025.

رێککەوتنەکە چاوەڕوانی رەزامەندی سەرکردایەتی هەردوو وڵات و وادەیەک بۆ راگەیاندنی دەکات، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە رۆیتەرزی ووتوە، “گەیشتوینەتە رێککەوتن، ئێستا تەنیا مەسەلەکە ئەوەیە کە کەی رادەگەیەنرێت”.

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، زانیارییەکان لەسەر بنەمای 5 بەرپرسی ئەمریکی و بەرپرسانی وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی و 3 بەرپرسی عێراقی بووە، کە هەموویان بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان کردووە، چونکە رێگەیان پێنەدراوە بە ئاشکرا باسی ئەو بابەتە بکەن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، جیاواز لە کشانەوە هێزەکان، ئەمریکا و عێراق بەهەمان شێوە هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێی راوێژکاری دەدەن کە رەنگە لەدوای کشانەوە، بەشێک لە هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بمێننەوە بۆ ئەو کارە.

یەکێک لەو سەرچاوانە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا بڕیاربوو چەند هەفتەیەک لەمەوبەر راگەیاندنێکی فەرمی بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی ئاڵۆزی ناوچەیی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل لە غەزە و یەکلاکردنەوەی هەندێک وردەکاریی کە ماونەتەوە دواخرا، ئاماژەی بە ئەگەری “راگەیاندنی رێککەوتنەکەدا لە ماوەی ئەم مانگەدا”.

مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، بەغدا بڕیاریدا وادەی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دوابخات، ئەوەش بەهۆی “پێشهاتەکانی ئەم دواییە”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بۆردومانی بنکەی ئاسمانی “عەین ئەسەد” لە ئەنبار، ئەوکات فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، “دانوستاندنەکانی کشانەوە نەوەستاون، بەڵام بارودۆخیان گۆڕاوە”.

رێککەوتنەکە دوای زیاتر لە 6 مانگ گفتوگۆی نێوان بەغدا و واشنتۆن هات، کە لە مانگی یەکی ساڵی 2023 لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستیپێکرد، ئەمەش لەکاتێکدایە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان کە لە بنکەکانی عێراق جێگیرکراون بەردەوامی هەبووە.

ئەمریکا و عێراق گفتوگۆیەکی هاوبەشی ئەمنی بەڕێوەدەبەن

ئەمریکا و عێراق گفتوگۆیەکی هاوبەشی ئەمنی بەڕێوەدەبەن