"بازرگانانی هەرێم بڕۆن ناو تۆمار بکەن"

پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی تەندروستی لە بەغدا دەکرێتەوە

شۆڕش قادری

بە بەشداری سەرجەم کۆمپانیا بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی تەندروستی لە بەغدا دەکرێتەوە.

مەعروف هەرکی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە 964ـی وت، “بڕیارە رۆژانی 18-21ـی ئەم مانگە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی تەندروستی (Health Expo Iraq) لە شاری بەغدا بکرێتەوە و بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و پیشەوەران ئاگادار دەکەینەوە بەشداری پێشانگاکە بکەن”.

“پێشانگاکە لەسەر ئەرکی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و لە سەر زەوی پێشانگای نێودەوڵەتی شاری بەغدا دەکرێتەوە”، مەعروف هەرکی وای وت.

وتیشی، “ئامانجی پێشانگاکە تیشك خستنەسەر نوێترین داهێنان و پێشکەوتنەکانە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، ئامێرەکان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان”.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر راشیگەیاند، “کردنەوەی ئەم پێشانگایانە سوودی بۆ بازرگان و خاوەنکارەکان دەبێت و دەتوانن کاڵا و بەرهەمەکانیان بخەنەڕوو و بازاڕیان بۆ پەیدا بکەن، پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکیشدا پێشانگایەکی لەو شێوەیە لە بواری خۆراک لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا بکرێتەوە”.