جگە لە شۆردنى ناوبازاڕ
لە جەژندا؛ 220 تۆن پاشماوەی گەشتیاران لە سنوری هەڵەبجە کۆکرایەوە
964+
وریا فەتاح
تەنیا لە چوار رۆژى جەژنى قورباندا، شارەوانى هەڵەبجە لە ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورەکەیان، بڕی 220 تۆن خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی گەشتیارانیان کۆکردووەتەوە.
شارەوانى هەڵەبجە بڵاوى کردەوە کە پرۆسەی پاککردنەوەکە لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە شارەوانییەکانی (خورماڵ، بیارە، تەوێڵە) بە هاوکاری کۆمپانیای “بیڤان”ی تایبەت بە پاکەوانی ئەنجام دراوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا لە 4 رۆژی رابردوودا، جگە لە خاوێنکردنەوە و کۆکردنەوەی پاشماوەی گەشتیاران لە سەیرانگاکان، پرۆسەی شۆردنەوەی ناوبازاڕی قەزا و ناحیەکان بەردەوامی هەبووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم هەڵمەتە فراوانە، پاک راگرتن و پاراستنی شوێنە گشتی و گەشتیارییەکانە، بۆ ئەوەی سیمایەکی جوان ببەخشرێتە ناوچەکە، بەتایبەتی لە رۆژانی جەژندا کە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران روویان لە سەیرانگاکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردووە.