ئاوێنەی شار لە شار دابڕێنرا

ئاسۆ نوری، یەكێك لە دانیشتووانی گەڕەكەكە بە میدیازانی ڕاگەیاند، داوا لە حكومەت دەكەین كێشەی پردەكە زوو چارەسەر بکات، وتی “ئەو پردە جگە لە ئاوێنەی شار، دانیشتووانی گەڕەکەکانی ئاڵتون ستی، گەڕەسۆر، تەعجیلی نوێ، قەڵای نوێ و بەشێك لە دانیشتووانی بنەسڵاوە و دارەتووش سوودی لێدەبینن، بۆیە تێکدانی پردەکە گرفتی هاتوچۆ بۆ نزیكەی ٢٠ هەزار ماڵ دروست كردووە”. زیاتر وتی “داخستنی پردەکە، تەنانەت کرێی هاتوچۆی قوتابیانیشی گران کردووە، چونکە شوفێری کۆستەرەکان دەڵێن رێگامان دوور کەوتۆتەوە”. هەشت ساڵ پێش ئێستا ئەو پردە لەلایەن کۆمپانیای دروستکەری پرۆژەکەوە دروستکراوەو بووەتە رێگای سەرەكی گەڕەكی ئاوێنەی شار و بەستنەوەی چەندین گەڕەكی تری دەوروبەری بە ناو شاری هەولێر. نیاز حامد، سەرۆکی شارەوانی چوار بە میدیازانی راگەیاند، ئامانج لە داخستنی پردەکە رێگرتنە لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لافاوی پارساڵ، وتی “گومان دەکەین لافاو لێرە دروست بێتەوە، بۆیە پێمان باش بوو دایخەین”. لەبارەی ناڕەزایەتی خەڵک لە دوورکەوتنەوەی رێگاکەیان، سەرۆکی شارەوانی چوار دەڵێ، دەتوانن رێگای ئاڵتوون ستی، یان بنەسڵاوە بەکاربێنن کە چەند دەقەیەک رێگاکەیان دوور دەکەوێتەوە، نەک کارەساتێکی وەک پارساڵ دووبارە بێتەوە، وتی “دەستکراوە بە دروستکردنەوەی پردێکی باشترو جوانتریش، بە تەواوبوونیشی کارئاسانی زیاتر بۆ خەڵک دەکات”. هەر سەرەتای ئەم هەفتەیە کێشەیەکی هاوشێوە لەگەڕەکی رۆشنبیری روویدا کاتێک شارەوانی ٥ی هەولێر چوو پردەکەی ئەوێ بروخێنێ، بەڵام خەڵکەکەی رێگریان کرد، ئەوکات شارەوانی وتی “ئەمڕۆ قەینا، بەڵام دوو یان سێ رۆژی دیکە دێینەوە و دەیڕوخێنین”.“داوا لە حكومەت دەكەین كێشەی پردەكە زوو چارەسەر بکات، چونکە جگە لە ئاوێنەی شار، دانیشتووانی گەڕەکەکانی ئاڵتون ستی، گەڕەسۆر، تەعجیلی نوێ، قەڵای نوێ و بەشێك لە دانیشتووانی بنەسڵاوە و دارەتووش سوودی لێدەبینن”