لە هەولێر
تۆمەتبارێک پارەی ناو قاسەی خزمێکی کردووە بە ساختە و دەستگرکرا
+964
توانا نەقی
هاوڵاتیەک سکاڵای لای پۆلیس تۆمار کردووە کە پارەی ناو قاسەی ماڵەکەی ساختە دەرچووە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە خزمێکیان ئەو کارەی کردووە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، خزمێکی ئەو کەسەی پارەکەی کراوە بە ساختە چەند جارێک چووە لە ماڵیان پارە ئەسڵەکەی دەرکردووە و پارەی ساختەی لە شوێنی داناوە، پۆلیسیش لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە ئەو کەسە ساختەکارەیان دۆزیوەتەوە.
دەشڵێت، بە قسەی ئەو کەسەی سکاڵای کردووە، لەناو قاسەکەیدا دۆلاری ئەمریکی ئەسڵی تێدا بووە، بەڵام تۆمەتبارەکە هەر جارەو بڕێک لە پارەکەی بردووە و لە جێگای ئەوە پارەی ساختەی داناوەتەوە، بۆیە دوای چوونی بۆ نووسینگەی گۆڕینەوەی دراو بۆی دەرکەوتووە کە پارەکانی ئەسڵی نین و ساختەکراون.
ئێستا تۆمەتبارەکە دانیناوە بە تاوانەکەیدا، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە 446 لە یاسای سزادانی عێراقیلێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.