کەسوکارى ئەنفالکراوانى کۆیە:
“رێز لە گۆڕى ئەنفالکراوانمان بگرن و بە شۆفڵ و حەفارە هەڵیان مەدەنەوە”
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
کەسوکارى ئەنفالکراوانى کۆیە نیگەرانن لە شێوازى هەڵدانەوەى رووفاتى ئەنفالکراوانیان و دەڵێن، نابێت بە شۆفڵ و حەفارە گۆڕەکانیان هەڵبدرێتەوە.
فوئاد قادر، تاقانەی ئەنفال، بە 964ـى وت،”کەسوکارەکانمان لە ئەنفال هەر بە شۆفڵ زیندەبەچاڵکران، ئیستاش دەیانەوێت بە شێوازێکى نامرۆڤانە و نازانستى مامەڵە لەگەڵ گۆڕەکانیان بکرێت و بە شۆفڵ و حەفارە هەڵیان بدەنەوە”.
ئەوان داوا دەکەن رێز لە گۆڕى ئازیزانیان بگیرێت و شێوازى هەڵدانەوەى رووفاتەکان بگۆڕێن، بە حکومەتى هەرێم و عێراقش دەڵێن،”وەرن بە دەممانەوە پێش بەم کارە نامرۆڤانەیە بگرن”.
ئەوەی گەشتووە بە دەستی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، چەند وێنەیەکە کە بەڵگەی بەکارهێنانی شۆفڵ و حەفارەیە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، ئەوەش وا دەکات مەترسیی بۆ سەر شکان و تێکچوونی ئێسک و پروسکی جەستەی ئەنفالکراوەکان دروستبێ.
ژمارەی ئەنفالکراوەکان لە سنووری قەزای کۆیە، 866 کەسە، لەو ژمارەیەش تەنیا 172 کەس رووفاتەکانیان گەڕاوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح