ئامۆزایەکى باسى دەکات
کۆتا ساتەکانى ئەو گەنجەى دهۆک کە لە ئیستانبوڵ کوژرا چۆن بوو؟
964+
دلۆڤان رەمەزان – دهوک
“48 خولەک بە دەنگ و رەنگ لە رێگەى پەیوەندى تەلەفونییەوە قسەم لەگەڵ حەکیم کرد، دڵى زۆر خۆشبوو و زۆر پێکەنین و باسى زۆر شتمان کرد، لە ناکاوێک وتى یەک خولەکى دیکە پەیوەندى دەکەمەوە، ئەمە دواین ساتى حەکیم بوو و ئیتر کوشتیان”، ئامۆزایەکى گەنجە کوژراوەکەى دهۆک بەم شێوەیە بۆ 964 باسى دەکات.
حەکیم لوقمان، دانیشتووى کەڵەکچى دهۆک لە شەوى 1.9.2024 لە خواردنگەیەکى ئیستانبوڵ لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە هێرشى کرایەسەر و بە چەقۆ کوژرا.
تارق ئەسکەندەر کە ئامۆزاى حەکیم لوقمانە و لە وڵاتى بەریتانیان نیشتەجێیە، باسى دوا ساتەکانى ژیانى حەکیم دەکات و بە 964ـى وت،”کاتێک لە خواردنگەکە دانیشتبوو بە ڤیدیۆ بۆ ماوەى 48 خولەک قسەم لەگەڵى کرد و کەیفى زۆرر خۆشبوو”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، لەماوەى ئەو 48 خولەکە باسى زۆر شتیان کردووە و زۆر پێکەنیون و هەستى بە هیچ شتێک نەکردووە، بەڵام لە پڕ حەکیم وتویەتى دایدەخەمەوە و خولەکێکى تر بۆت دەکەمەوە.
“دواتر بیلالى ئامۆزام کە لەگەڵ حەکیم بوو تەلەفونى بۆ کردمەوە و وتى حەکیم مرد”، ئامۆزاکەى بەم شێوەیە بۆ 964ـى گێڕایەوە.
دەشڵێت: ئێمە چەندین ئامۆزاى حەکیم بێ باوک و کەس بووین، حەکیم ئیمەى بەخێوکرد و جێگاى باوک و براى بۆ گرتینەوە.
بەپێى قسەى بنەماڵەکەى، لوقمان لەسەر قسەکردن بە زمانى کوردى لەلایەن ژمارەیەک کەس لە ئیستانبوڵ هێرشى کراوەتەسەر و بە چەقۆ کوژراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح