رێگاوبانى كۆیه: سبه‌ی چاكی ده‌كه‌ینه‌وه
پرده‌كه‌ى ته‌قته‌ق كێشه‌ى تێكه‌وته‌وه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژێره‌وه‌شی دروستبووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
پرده‌كه‌ى ته‌قته‌ق كێشه‌ى تێكه‌وته‌وه، ئه‌مجاره‌شیان پارچه پلێتێكی دیكه‌ى شكاوه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه دروستكردووه كه به‌سه‌ریدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن، رێگاوبانى كۆیه‌ش كه له رێگه‌ى 964 ئاگادارى كێشه‌كه‌ى ئه‌م پرده كران، بڕیاریدا سبه‌ی تیمێك بنێرێت بۆ چاككردنه‌وه‌ى.
پرده‌كه، پردى رووبار‌ى پێده‌ڵێن، قه‌زاى كۆیه به ناحیه‌ى ته‌قته‌قه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ریش پارچه پلێتێكى شكابوو، وه‌ستایه‌كی ته‌قته‌ق خۆبه‌خشانه چاكى كرده‌وه.
رابه‌ر محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی ته‌كنیكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاككردنه‌وه‌ى رێگاوبانى كۆیه به 964ـى راگه‌یاند، پێویسته كه كێشه له‌هه‌ر پردێك یاخود رێگایه‌ك دروست ده‌بێت، راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى سنووره‌كه ئاگادار بكرێینه‌وه بۆئه‌وه‌ى زوو ده‌ست بهكاى چاككردنه‌وه‌ى بكرێت.
وتیشی “بۆ پرده‌كه‌ى ته‌قته‌قیش له سبه‌ینێوه كۆمپانیایه‌كى تایبه‌ت ده‌نێرین بۆ چاككردنه‌وه‌ى”.
پێشتر، ئیسماعیل ره‌شید ئه‌و وهستایهى كه پلێتى پرده‌كه‌ى چاككردبووهوه به 964ـى وت مه‌ترسییه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و پرده دروستبووه و ته‌واوى ئه‌م پرده جوڵه‌ى تێكه‌وتووه.
وتیشی “ژێرى پرده‌كه وێران بووه و چه‌ند پارچه‌كی نه‌ماون”.