دۆیەکی ترشی دەوێت

کابانەکان دۆینە بۆ وەرزی زستان ئامادە دەکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

لە هاوینەوە تا پایز، وەرزی نانەوەی دۆینە و کۆگا کردنیەتی بۆ زستان، هەندێک بە کردنە ناو ئاو، یان کوڵاندن و هەندێک بە تێکوشینی نان بە رۆنی خۆمانەوە دەیخۆن و ئارەزوویانە.

دۆینە یەکێکە لەو خواردنە گەرمە کوردییانەی، بۆ روبەروبوونەوەی ساردی زستان بەکاردەهێنرێ و جەستەی مرۆڤ، وەک دەڵێن گەرموگوڕ دەکاتەوە، زۆر کەس وەک چێژ و ئارەزوور ئامادەکاری بۆ دروستکردنی دۆینە دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 2.9.2024، تاوس محەمەد، کابانی ماڵ بە 964ی وت، “لە تەواوی وەرزی هاوین تا پایز و مانەوەی تیشکی خۆر بە گەرمی، دەتوانرێ دۆینە بکرێ و وەرزش و کەشەکە یارمەتیدەرە بۆ ئەو کارە”.

ئەو سەرەتا گەنمی کوڵاندووە، دواتر لە ئاش گەنمەکەی هاڕیوە، دۆی بۆ گرتووەتەوە و خەستی کردووە، دواتر لەگەڵ گەنمە هاڕدراوەکەدا تێکەڵی کردووە.

کابەنەکە وتی، “ئەو تێکەڵەیە دوو بۆ سێ رۆژ، لە ناو سەتڵدا دەبێت تا تەواو ترش دەبێت و رۆژانە دەبێت تێکەڵاوکردنی دۆینە و دۆییەکە بەردەوامبێ، تا چێژ دۆ خەستەکە تەواوی گەنمە هاڕدراوەکە بگرێ، کە پێگەیشت و ترش بوو، ئەوا دەنرێتەوە و دەخرێتە بەر خۆر تا وشک دەبێتەوە”.

دکتۆر، کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە نوێترین زانیاریی تەندروستیدا کۆمەڵێک سوودی خواردنی دۆینەی بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:

– وزە بە جەستە دەبەخشێت و یارمەتی چالاککردنی پڕۆسەی میتابۆلێزم و سووڕی خوێن دەدات.
– دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزاکان و ماددە ڕیشاڵییەکان بە تایبەت کۆمەڵەی ڤیتامین ( B ) کەڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ تەندروستیی مێشک و کۆئەندامی دەمار.
– زۆر به‌سووده‌ بۆ کاتی ڕێجیم و دابه‌زاندنی کێش و ڕێگریکردن له‌ قه‌ڵه‌وبوونه‌وه‌ و زۆری کێش، چونکه‌ بڕێکی که‌م کالۆری تێدایه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ مادده‌ ڕیشاڵییه‌کان و ئاو کە هەستی تێریت پێدەبەخشن.
– کۆئەندامی هەرس چالاک دەکات، کە بەهۆیەوە چارەسەری قەبزی و گرژی ریخۆڵە دەکات.
– بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگریی لەش و یارمەتی خۆپاراستن لە هەڵامەت و پەتا وەرزییەکان دەدات .
– خۆپاراستن له‌ هەندێک جۆری شێرپه‌نجه‌ بە تایبەت شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستات.
– یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی بەرزی فشاری خوێن دەدات.