بۆ ئەوانەی خانوو دەکەن.. هەواڵەکە خۆش نییە

میدیازان – شڤان عەبدوڵڵا – زاخۆ

کەرەستەی بیناسازی لە سنووری زاخۆ گرانبوو، ئەوانەی خەریکی خانوو دروستکردنن دەبێت بۆ تەنێک چیمەنتۆ نزیکەی پێنج هەزار دینار زیاتر بدەن.

هەر چیمەنتۆ نییە، چەو، لم و بلۆکیش گرانبووە، هەفتەیەک پێش ئێستا یەک گەڵابە چەو و لم بە ٩٠ تا ١٠٠ هەزار دینار بوو، ئێستا بە ١١٠ هەزار تا ١٢٠ هەزار دینار دەفرۆشرێت.

یەک تۆن چیمەنتۆ کە ٢٠ کیسەیە، نزیکەی پێنج هەزار دینار گرانبووە، پێشتر بە ١١٠ هەزار بوو ئێستا بە نزیکەی ١١٥ هەزار دینارە.

سالار زاخۆیی، خاوەنی فرۆشگای کەرەستەی بیناسازییە، بە میدیازانی وت، یەک گەڵابە بلۆک کە ٥٠٠ دانەیە ٣٠ هەزار دینار گرانبووە و لە ٤٢٠ هەزار دینارەوە بووەتە ٤٥٠ هەزار دینار.

دەشڵێت، “گرانبوونی کەرەستەی بیناسازی پەیوەندی بە نرخی سووتەمەنی و بەهای دۆلارەوە هەیە.”

بەپێی بڕیارێکی حکومەت، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە ئەوانەی لە ناوشارن، بەپێی رووبەری خانوو تا ٣٠ تۆن چیمنتۆیان پێ دەدرێت، ئەوانەی لەدەرەوەی شاریشن تا ٢٥ تۆن چیمەنتۆیان پێ دەرێت.

وەزارەتی بازرگانی وتی، نرخی هەر یەك تۆن لە چیمەنتۆکەی حکومەت ٥٣ هەزار دینارە.