دەتوانی نۆرەی حەج کردنەکەت بدەیتە خەسووت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێم رێگە دەدات خزم و کەسە پلەیەکەکانی خێزان نۆرەی حەجکردنیان بدەن بە یەکتری، بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت: ئەو کارە بۆ ئەوەیە مافی کەس نەفەوتێت.
تۆڕی964 بە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم دەزانێت، ژن و مێرد بۆ یەکتری و کوڕ و کچ بۆ باوک و دایک و بە پێچەوانەشەوە دەتوانن نۆرەی حەجکردنیان بدەن بە یەکتری.
هەروەها خوشک و برا بۆ یەکتری، بووک و زاوا بۆ خەسوو و خەزوور، مام و پوور و خاڵۆزا و ئامۆزا بۆ خاڵۆژن و ئامۆژن و بە پێچەوانەوە، ژن برا بۆ برای هاوسەرەکەی و بە پێچەوانەوە، دەتوانن نۆرەی حەجەکانیان بدەن بە یەکتری.
جگە لەوانەش ئەگەر پیاوێک لەگەڵ هاوسەرەکی ناوی دەرچووبوو و هاوسەرەکەی وەفاتی کردبوو، ئەگەر هاوسەری تری هەبوو دەتوانێت لەگەڵ خۆی بیبات.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عەمرەی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بە تۆڕی964ـی راگەیاند: لە ساڵانی پێشوودا داواکارییەکی زۆرمان لەو پرسانەدا بۆ هاتووە و ئەو هەموارەمان بە گرنگ زانی تا مافی کەس نەفەوتێت.
دەشڵێت: بۆ هەریەکێک لەو گۆڕانکارییانە پێویستە داواکارەکان بەڵگەی سەلمێنەریان پێ بێت و لە دادنووس پشتڕاست کرابێتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بۆ حەجی ئەمساڵ پشکی هەرێم زیاتر لە سێ هەزار حاجی دەبێت، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو دوو هەزار هاوڵاتیی هەرێم حەجیان کرد.