پاککردنەوەش سوودی نییە

زبڵ و خاشاکەکەی رێگای بالیسان ئەو ناوەی وێران کردووە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

لە سەر رێگای گشتی بالیسان زبڵ و خاشاکێکی زۆر فڕێ دراوە و بە ناو ئەو سروشتە بڵاو بووەتەوە.

جگە لەوەی زبڵەکە، بۆنێکی زۆر ناخۆشی لەو ناوە بڵاو کردووەتەوە و سیمایەکی ناشیرینی بە ناوچەکە بەخشیوە، زیانێکی زۆریشی بۆ ژینگە هەیە بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەو خۆڵ و خاشاکەی فڕێدراوە لە مەوادی پلاستیکی و نایلۆن پێک هاتووە.

پەیامنێری 964 دوو رۆژ پێش ئێستا دیمەنەکانی تۆمار کردووە، ناحیەی بالیسان دەڵێت، ئێمە پێنج جار پاکمان کردووەتەوە، هەرچی قایمقامی خەلیفانێشە دەڵێت، ئێمە دوێنێ پاکمان کردەوە، بەڵام هەردوو لایان کۆکن لەسەر ئەوەی هەر وەک خۆی لێ دێتەوە و شوێنەکەش گونجاو نیە بۆ فڕێدانی زبڵ.

لەسەر ئەو بابەتە بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان، مەهدی مستەفا، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ”هەر چەندە شوێنەکە بە گوندی خەتێ ناسراوە لای خەڵک، بەڵام ئەو شوێنە سنوری شارەوانی خەلیفانە، سەرەڕای ئەوەش شارەوانی بالیسان بە فرمانی من پێنج جار ئەو شوێنەیان پاک کردووەتەوە”.

بە وتەی ئەو بەڕێوەبەرە، شارەوانی بالیسان ئامادە نیە چیتر ئەو شوێنە پاک بکاتەوە و لە 28.8.2024 سەردانی قایمقامی خەلیفانی کردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە.

لای خۆیەوە مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، بە 964ـی وت ”دوێنێ ئەو شوێنەمان پاک کردۆتەوە و لەمەودوا هەفتانە پاکی دەکەینەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەکەین کە زبڵ لەو شوێنە فڕێ نەدەن و سەر شەقامی گشتی شوێنی فڕێ دانی زبڵ نیە، پێشنیاری کرد خەڵک زبڵەکانییان لە پێش دەرگای ماڵەکانیان دایبنێن شارەوانی دەچێت فڕێی دەدات”.

وتیشی، هاوڵاتیان پابەند نین دوای ئەوەی خاوێنی دەکەینەوە دووبارە دانیشتوانی گوندەکانی ئەو دەوروبەرە زبڵ لەو شوێنە فڕێ دەدەن.

شوێنە پڕ زبڵەکە، نێوانی گوندی خەتێ و گوندی ئەشکەوتەیە، سنووری قەزای خەلیفان و ناحیەی بالیسان لە یەک جیا دەکاتەوە، نزیکی کیلۆمەترێک لە رێگای زینەتیر و بازگەی ئاسایشی خەتێ دوورە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

قیرە نوێکەی رێگای بالیسان بە دڵی شۆفێران نییە

قیرە نوێکەی رێگای بالیسان بە دڵی شۆفێران نییە