بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و کەسانی کەم دەرامەت

پاسپۆرتی رانیە بێبەرامبەر مامەڵەی پاسپۆرت دەکەن

+964

ژێوار خدر

سەرەڕای ئەوەی نوسینگەی پاسپۆرتی رانیە، ماوەی یەک مانگە مامەڵەکانی وەستاندووە، بەهۆی ئەوەی لە بەغداوە سیستمەکە وەستێندراوە، بەڵام هەموو ئەو کەسانەی نەخۆشن و پێویستییان بە رۆشتنە بۆ دەرەوەی وڵات، جا نەخۆشییەکە شێرپەنجە بێت یان هەر نەخۆشییەکی دیکەی قورس و کەسانی پیروپەک کەوتە مامەڵەی پاسپۆرتیان بۆ دەکرێت.

هەر ئەوەش نا، بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و کەسانی کەم دەرامەت بێ بەرامبەر مامەڵەکان دەکرێن.

رەوا رەسول، رێپێدراوی سێ لە نوسینگەی پاسپۆرتی رانیە بە 964ـی وت، ”دوێنێ پێنجشەممە، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ هات بۆ نوسینگەکەمان کە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن و ئیلتیهابی سییەکانی هەبوو، پێویست بوو زوو مامەڵەکەی بۆ تەواو بکرێت و پێویستی بە چاندنی مووخی ئێسک بوو لە دەرەوەی وڵات، براکەی مووخی پێدەبەخشی، ئێمە لای خۆمانەوە زوو مامەڵەی خۆی و براکەیمان جێبەجێ کرد و هەردوو مامەڵەکەشمان بێ بەرامبەر ئەنجامدا.

وتیشی، هەرکەسێک نەخۆشیەکی قورسی هەبێت و یان پیروپەک کەوتە بێت، ئەگەر سیستمیش وەستابێ ئێمە راستەوخۆ مامەڵەکەی بۆ جێبەجێ دەکەین و ناهێڵین چاوەڕێ بکات.

روونیشیکردەوە، هەرکەسێک کە نەخۆشی شێرپەنجە یان هەر نەخۆشییەکی دیکەی هەبێت و کەم دەرامەت بێ، هیچ بڕە پارەیەکی لێوەرناگیرێت و بێ بەرامبەر مامەڵەی پاسپۆرتەکەی بۆ تەواو دەکرێت.

لە نوسینگەی پاسپۆرتی رانیە، کە تاوەکو ئێستاش بە سیستمی کۆنی جۆری A کار دەکات، کۆی گشتی نرخە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت 37 هەزار دینارە.

پاسپۆرتی راپەڕین لە گەراجێکدا کارەکانیان دەکەن و نابن...

پاسپۆرتی راپەڕین لە گەراجێکدا کارەکانیان دەکەن و نابنە ئەلیکترۆنی