جگە لە بریندار بوونی چوار کەس رێگایەکی سەرەکیش داخرا

لەماوەی دوو کاتژمێردا دوو رووداوی هاتوچۆ لە سۆران روویاندا

ژێوار خدر

لە ماوەی دوو کاتژمێردا دوو رووداوی هاتوچۆی جیاواز لە ئیدارەی سۆران روویاندا، بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون و رێگەیەکی سەرەکی ئیدارەکەش داخرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، هاتوچۆی سۆران زانیاری لەسەر هەردوو رووداوەکە بڵاو کردووەتەوە، یەکەمیان، رووداوێکی ھاتووچۆیە لە جۆری پێکدادان لەسەر رێگای خەلیفان – سپیلک روویداوە، لە نێوان دوو ئۆتۆمبیلی جۆری کیا سپۆرتاج و ترێلەیەکی ئێرانی،  لەئەنجامی رووداوەکە سێ کەس برینداربوون و رێگاکەش داخراوە.

رووداوی دووەم کاتژمێرێک دوای ئەوە روویدا، ئەم جارەیان لە جۆری وەرگەڕان، ئۆتۆمبێلێکی تەکسی کرۆلا لەسەر رێگای پیشەسازی کۆن بۆ گەڕەکی ئازادی وەرگەڕا و لە ئەنجامی رووداوەکەش کەسێک بەسەختی برینداربوو.

ئەمە وایکرد هاتوچۆی سۆران دووجار داوا لە هاوڵاتییان بکات خێراییان کەم بکەنەوە و پەلە نەکەن لەپیناو سەلامەتییان، دوای ئەوەش پۆلیسی خەلیفان هاوکاری پۆلیسی هاتوچۆی قەزاکەیان کرد بۆ کردنەوەی ڕێگاکە و ئاسایی بوونەوەی شەقامەکە.