کاتی مێووژە

بەرواری باڵا؛ وشککردنەوەی ترێ لەناو بۆردووماندا

+964

دلۆڤان زێباری – دهۆک

هەموو جۆرەکانی ترێ لە دەڤەری بەرواری باڵا پێ نەگەیشتوون، بەڵام زۆرێک لە جوتیارەکانی گوندی باتیفا هەر لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە وشککردنەوەی ئەو جۆرانەی پێگەیشتوون تا ببن بە مێووژ.

بۆردوومانی ناوچەکانیان و بوونی ئاڵۆزی چەکداری بەخێر بۆ ئەوان نەشکاوەتەوە، بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی دهۆک، تەنیا ئەمساڵ هەزار و465 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بە نزیکەی لە 35 گوندی ئامێدی و دەڤەی بەرواری باڵا روویانداوە.

عزەت عەبدولغەفوور، جوتیارە لە گوندی باتیفا و لە باب و باپیرییەوە زەوییە کشتوکاڵییەکەی بۆ ماوەتەوە و هەر لە گوند ژیاوە، ئەو و دراسێکانی کاری رەز، باخی کشتوکاڵی و مەڕوماڵات دەکەن و سەرچاوی بژێوییانە.

لە باتیفا هەریەک لە جۆرەکانی ترێی، ( زەرک، تەحلک، رەش مێو، بەرگوند، بێسیران و تایفی) روێندراون و ساڵانە بەرهەمیان هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا کاتی ترێی زەرکە و پێ گەیشتووە، جوتیارەکان دەستیان بە کۆکردنەوەی کردووەو حەوت رۆژ دەیخەنە بەر خۆر تا ببێ بە مێووژ، هەندێک دیکەشیان نیەتی کردن بە دۆشاویان لێ هێناوە.

عزەت عەبدولغەفوور بە 964ی وت، “ئەمساڵ بەرهەمی ترێ زۆرباشە، بەڵام بۆردوومانەکانی تورکیا لەناو گوندەکانی ئێمە هۆکارە بۆ ئەوەی پەلە لە چنینەوەی بەرهەمەکەمان بکەین بۆ ئەوەی نەسووتێن، و زۆربەی کات بە زبارە (هەرەوەزی) خەڵکی گوند هاوکاری یەکتر دەکەن بۆ لێکردنەوەی ترێ”.

ئەوان بۆ ئەوەی بەشێک لە ترێیەکەیان ساغ بکەنەوە دەیبەنە بازاڕەکانی دهۆک و زاخۆ، عزەت تەنیا خۆی پلانی وایە “بۆ ئەمساڵ چوار، تۆن مێووژ بەرهەمبهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە باخەکەی بۆ خواردن، خێرکردن و فرۆشتن بێت”، لە کاتێکدا مەزەندە وایە ئەمساڵ سنووری پاریزگای دهۆک 60 هەزار تۆن ترێی تێدا بەرهەمبهێنرێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

شارباژێر دەیەوێت بە فێستیڤاڵ بازاڕ بۆ ترێیەکەی پەیدا ب...

شارباژێر دەیەوێت بە فێستیڤاڵ بازاڕ بۆ ترێیەکەی پەیدا بکات