تا مانگی 11 کاتیان هەیە
لە 300 پڕۆژە تەنیا 10 پڕۆژەی حەوزی ماسی ئاغجەلەر مۆڵەتیان هەیە
964+
عەزیز عەبدوڵا
بەشێک لە خاوەن پڕۆژەکانی حەوزی ماسی لە ئاغجەلەر، ئاگادارییەکی بە پەلەیان ئاڕاستەکراوە، لەلایەن فەرمانگەی بەشی کشتوکاڵی ئاغجەلەرەوە تا مانگی 11ی ئەمساڵ سەردانیان بکەن بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی کارکردن.
لە سنوری ناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ، زیاتر لە 300 پڕۆژەی حەوزی ماسی هەیە کە زیاتر لە 1000 حەوزیان تێدایە، بەڵام بەوتەی بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی ئاغجەلەر، “تەنیا 10 پڕۆژەیان مۆڵەتیان هەیە”.
سامان محەمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاغجەلەر بە 964ی وت، “بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان نییە، رێنمایی وەرناگرن و لە چوارچێوەی رێنماییەکانمان کارناکەن، داوایان لێدەکەین سەردانمان بکەن، چونکە لەئێستادا مامەڵەی دروستکردنی پڕۆژەی نوێمان بەهەموو شێوەیەک راگرتووە تا خاوەن پڕۆژە بێ مۆڵەتەکان، مۆڵەت دەردەهێنن”.
ژمارەی حەوزی ماسی لە ئاغجەلەر؛
گوندی گۆپتەپە 360 حەوز
گوندی گردخەبەر 160 حەوز
گوندی قەسرۆک 363 حەوز
گوندی کانی هەنجیر 41 حەوز
گوندی بۆڵ قامیش 35 حەوز
کشتوکاڵی ئاغجەر، تەنیا داتای ئەو ژمارەیەی کردووە، گەرچی بەبڕوای بەڕێوەبەرەکەی، “ژمارەیان زۆر زیاترە، کە بەشێکی زۆریان مۆڵەتیان نییە ئامار و داتاشیان نییە لای ئەوان، هەریەک لە گوندەکانی گەڵناغاج، قەمیشە لەو ناوچانەن کە هیچ ئامارێکیان لە فەرمانگەکە نییە، بۆیە مەزەندە دەکرێت بەهەردوو گوندەکە 500 حەوزی ماسییان هەبێت.
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای سلێمانی بە 964ی وت، “پڕۆژەکانی حەوزی ماسی لە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر، بەشێکی زۆر یان تەجاوزن و هیچ مۆڵەتێکی فەرمیان نیە ئێمە هەوڵمان داوە، ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان نییە ئاسانکاریان بۆ بکرێت و مامەڵەکانیان بۆ رای بکرێت”.
لە رێگەی موختارەکانەوە خاوەن حەوزەکان بۆ دەرهێنانی مۆڵەت هاندراون، ئەو بەڕێوەبەرە بە 964ی وت، “ئەو خاوەن پڕۆژانەی سەرقاڵی دەرکردنی مۆڵەتی فەڕمین، تەواوی ئاسانکارییان بۆ دەکەین، تا ئەو پڕۆژانەش بکەونە ژێر سەرسەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا