خواردنە میللییە دڵخوازەکەی خەڵکی عاموودا
“بابا غەنووش” لە تام و چێژ نەکەوتووە و هەمیشە لەسەر خوانەکان دەبیندرێت
تیمی رۆژئاوای کوردستان
سەرەڕای جۆراوجۆری چێشتخانە مۆدێرنەکان و زۆریی جۆرەکانی خواردن، بەڵام هێشتا “بابا غەنووش” یان وەک ئەوەی لە عاموودا پێی دەوترێت “بەعجانی براشتی”، لە تام و چێژی خۆی نەکەوتووە و بە یەکێک لە خواردنە میللییە دڵخوازەکەی سەر خوانی خەڵکی ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان دادەندرێت.
خێزانەکانی شاری عاموودا تا ئێستاش پابەندن بە ئامادەکردنی ئەم خواردنە بەو شێوازە کۆنەی کە لە نەوەکانی پێش خۆیانەوە بۆیان ماوەتەوە، نهێنیی تامی “بەعجانی براشتی” لەوەدایە کە باینجانەکە لەسەر داری سووتێنراو یاخود خەڵووز دەبرژێندرێت، بۆئەوەی تامی دووکەڵاوییە تایبەتەکە وەربگرێت.
ئەسما عەلی خاتوونێکی دەستڕەنگینی ئەو شارەیە و شارەزایی باشی لە دروستکردنی ئەم جۆرە خواردنە هەیە، بە 964 ی وت، باینجانە برژاوەکە دەکوترێت و لەگەڵ سیر، تەحین، زەیتی زەیتوون و ئاوی لیمۆ تێکەڵ دەکرێت، ئەم خواردنە بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، دەبێتە ژەمێکی سەرەکی لەسەر خوانەکانی نیوەڕۆ و ئێوارە.
بۆ خەڵکی عاموودا، ئەم خواردنە تەنیا ژەمێکی سادە نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامە و یادەوەریی چێشتخانە میللییەکانیان، کۆبوونەوەی ئەندامانی خێزان لە دەوری قاپێکی “بەعجانی براشتی” لەگەڵ نانی گەرم و سەوزەی جۆراوجۆر وێنەیەکی جوانە کە رەنگدانەوەی سادەیی ژیان و رەسەنایەتی نەریتە کۆنەکانی ئەو شارەیە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن