بەردەڕەش

برنجیان بە ئاوی پیس ئاو دەدا، پێیان زانرا و تێكدران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ به‌رده‌ڕه‌ش دوو شوێن تێكدران، كه‌ ئاوی پیس و ئاوه‌ڕۆى ماڵانی لێ كۆده‌كرایه‌وه‌ بۆ ئاودانى برنج، لیژنه‌یه‌ك له‌ قایمقامیه‌ت ئه‌و كاره‌یان كرد و وته‌بێژى قایمقامیه‌تیش ده‌ڵێت، به‌ڵێننامه‌ به‌ خاوه‌نه‌كانیان پڕكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ دووباره‌ى نه‌كه‌نه‌وه‌.

دوو شوێنه‌كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ نێوان گونده‌كانى شیوه‌ڕێ و زه‌وی ره‌ش له‌ سنوورى قه‌زاى ئاكرێ.

بۆتان شه‌مسه‌دین، وته‌بێژى قایمقامیه‌تى به‌رده‌ڕه‌ش به‌ 964ـى راگه‌یاند، دواى وه‌رگرتنى زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م دوو شوێنه‌، لیژنەیەك شوێنه‌كانى تێكداون.

وتیشی “15 دۆنم زه‌وى به‌ برنج چێندراو له‌ رێگه‌ى ئەم ئاوى پیسه‌وه‌ ئاوده‌دران، كه‌ له‌م دوو شوێنه‌دا كۆده‌كرایه‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌ڵێننامه‌یان به‌ خاوه‌ن كێڵگه‌ برنجه‌كان پڕكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ ئه‌م كاره‌یان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ رووبه‌ڕووى دادگا ده‌كرێنه‌وه‌.