لە چیاى پیرس

مینى پاسێک بە 10 سەرنشینەوە وەرگەڕا

964+

هێڤى دێوالى- دهۆک

مینى پاسێک لە رێگایەکى چیاى پیرس لە ناحیەى دینارتە بە 10 سەرنشینەوە وەرگەڕا و چوار بۆ پێنج کەس بریندارن.

ئازاد تەها، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆک بۆ 964 پشتراستیکردوە کە مینى پاسێک لە چیای پیرس وەرگەڕاوە و بریندار هەیە، بەڵام لە بارەى ژمارە بریندارەکانەوە هیچ زانیارییەکى دیکەى نەداو وتى،”جارێ نازانین”.

لاى خۆیەوە، نێچیرڤان فەخرەدین وتەبیژی تەندروستی ئاکرێ بە 964ـى وت، ئاگادارى رووداوى وەرگەڕانى پاسەکەین، بەڵام جارێ نازانین چەند کەس بریندارن.

سەربەست سابیر، بەڕێوەبەرى ناحیەى دینارتە لەسەر رووداوەکە قسەى بۆ 964 کرد و ئاشکراى کرد کە لە رووداوەکەدا چوار بۆ پێنج کەس بریندارن و گەیەنراونەتە نەخۆشخانەى بلێ.

ئاشکراشى کرد، مینى پاسەکە 10 سەرنشینى تێدا بووە و لە شیلادزێوە دەیانویست بچنە دینارتە، بەڵام لە رێگا لایداوە و توشى وەرگەڕان بوون.

“رووداوەکە لە نزیک گوندى دیرە کەپراى سنوورى ناحیەى دینارتە روویداوە”، سەربەست سابیر واى وت.

نوێکردنەوە کاتژمێر 03:00 خولەک:

ئازاد تەها وتەبێژى هاتوچۆى دهۆک رایگەیاند، ئەوەى وەرگەڕاوە مینى پاس بووە و بەهۆیەوە نۆ سەرنشین بریندار بوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنی سێشەممە لە سنوورى قەزاى کۆیە پاسێک بە 41 سەرنشینەوە وەرگەڕاو بەهۆیەوە 33 کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانى لەدەست دا.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح

مینى پاسێک بە 10 سەرنشینەوە وەرگەڕا

مینى پاسێک بە 10 سەرنشینەوە وەرگەڕا