یه‌كه‌مجاره‌ كاره‌باى بۆ ده‌چێت ‌

كاره‌باى نیشتمانى ئاوه‌دانى له‌‌ گوندێكى ناحیه‌ى دێگه‌ڵه دروستده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ناحیه‌ى دێگه‌ڵه‌، به‌هۆى گه‌یاندنى كاره‌باى نیشتمانیى، سه‌رله‌نوێ گوندێك ئاوه‌دان ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك بوو گونده‌كه‌ چۆڵكرابوو.

گونده‌كه‌ ناوى (كانى په‌لك)ـه‌، 10 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌وه‌ دووره‌، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر، بەڕێوەبەرایەتی چاکردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی کۆیە رێگاى ئه‌م گونده‌ى چاككرده‌وه‌.

ستار قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى كاره‌باى دێگه‌ڵه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، گه‌یاندنى كاره‌باكه‌ بۆ ئه‌م گونده‌ ماوه‌ى پێنج رۆژى خایاند و كۆتایی پێهاتووه‌.

وتیشی “گونده‌كه‌ پێشتر پێنج ماڵ بوو، به‌ڵام به‌هۆى دروستبوونى كێشه‌ گونده‌كه‌یان بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك چۆڵكردبوو، ئێستاش به‌هۆى گه‌یاندنى كاره‌باى نیشتمانییه‌وه‌ ئاوه‌دانى له‌و گونده‌ دروست بووه‌ته‌وه‌”.

ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى له‌و گونده‌ ده‌ژین كۆچه‌رین و ژیان و گوزه‌رانیان له‌سه‌ر ئاژه‌ڵدارییه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پێشتر گونده‌كه‌ هیچ جۆره‌ كاره‌بایه‌كی لێنه‌بووه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ى خۆیان مۆلیده‌یان به‌كارهێناوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ناحیه‌ى  دێگه‌ڵه‌ش له‌ سۆشیاڵ میدیاكه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پڕۆژەى گه‌یاندنى كاره‌باى نیشتمانى بۆ ئه‌م گونده‌ لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراوه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌ بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ پڕۆژه‌ى گه‌یاندنه‌كه‌ خه‌رجیان كردووه‌.

رێگایه‌كى نوێ بۆ گوندێكی سنوورى دێگه‌ڵه‌ دروست ده‌ك...

رێگایه‌كى نوێ بۆ گوندێكی سنوورى دێگه‌ڵه‌ دروست ده‌كرێت