لە سۆران
ئەو ئۆتۆمبێلەی بوو بە ژێر کۆنکرێتەوە خاوەنەکەی قەرەبوو کرایەوە
+964
ژێوار خدر
ئەو کەسەی دوو رۆژ لەمەوپێش، پارچە کۆنکریتێکی بەرزە پردەکەی سۆران بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا کەوت ئەمڕۆ لەلایەن کۆمپانیایەکەوە قەرەبوو کرایەوە و ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا هایلوکسی سفر کیلۆمەتری پێبەخشرا.
بەڕێوەبەری پڕۆژەی کۆمپانیاکە هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاست کردەوە و وتی، راستە ئێمە ئۆتۆمبێلێکمان لە جۆری تۆیۆتا هایلوکس بەخشیوە بەو کەسە، بەڵام ئەوەمان وەک کارێکی مرۆڤانە ئەنجامداوە و حەز ناکەین و ئامانجمان نەبووە لە راگەیاندنەکانەوە بڵاو بکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە قەزای سۆران پارچە کۆنکریتێکی زۆر گەورە بەسەر بەشی پشتەوەی ئۆتۆمبێلێکدا کەوت و ئۆتۆمبێلەکەی تەخت کرد و بەهۆشییەوە دوو کەس بریندار بوون کە ژن و پیاوێک بوون.