مقەست و سازی میکس کردووە

سەرتاشێکی هەولێر بەهۆی دەنگە خۆشەکەی موشتەری لێ نابڕێت

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

ساز و مقەستی لەیەک دوکاندا کۆکردووەتەوە، دەنگە خۆشەکەی هۆکارە بۆ ئەوەی موشتەرییەکانی قژ لەلای ئەو چاک بکەن و دەروونیان بە دەنگی خۆی و سازەکە ئارام بکەنەوە.

ئیڤان عومەر، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵانی رۆژئاوای کوردستانە، ماوەی 11 ساڵە لە گەڕەکی نازنازی هەولێرەوە بەیانی دوو بەهرەیی بۆخۆی کردووە، لە یەک کاتدا قژی موشتەرییەکانی چاک دەکات و گۆرانیشیان بۆ دەڵێت.

گۆرانی و میوزیکی فۆلکۆر، لەو سەرتاشخانەی ئەو کاری لێدەکات نابڕێت، وەک خۆی دەڵێت، لە منداڵییەوە حەز و ئارەزووی گۆرانی وتنی هەیە و بەردەوامیش گۆرانی بۆ ئەوکەسانە دەڵێت کە دێنەلای”.

ئیڤان عومەر، بەشداری لە فیچەرێکی 964 کردووە و دەڵێت، ”زۆرێک لەو کەسانەی لەلای من قژیان چاک دەکەن، داوای گۆرانیوتنم لێدەکەن، چونکە موشتەری هەیە، تەنیا بۆ ئەوەی گۆرانی بۆ بڵێم قژی لەلای من چاک دەکات”.

ئیڤان دەستی لە مقەست و شانەیە بۆ قژی موشتەرییەکانی و دەنگیشی لەلای گۆرانییە فۆلکۆرەکانی (ئەردەڵانی، محەمەد عارف جەزیری، محەمەد شێخۆ و تەحسین تەها)یە، ئەو زیاتر حەز بە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان دەکات، تائێستا دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە بەشداری پڕۆگرامەکانی پێشبڕکێی دەنگخۆشی بکات.

بەڵام، تازە بەتازە گۆرانی ئای دەلالم-ی تۆمارکردووە، کە گۆرانییەکی فۆلکلۆرە، لە ماوەی رابردوو ئیڤان چەند گرتە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە گۆرانی دەڵێت و قژی چەند کەسێک چاک دەکات، ئەوەش بوو بەهۆکاری خێر و دەرفەتێک بۆ پەیداکردنی ناوبانگ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا