باوکێک وەک قەڵا لە پشت کچەکەی وەستاوە

دیە وەلی پاڵەوانی عێراق و دەربەندیخان و دڵی باوکی

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

کچێکی گورج و چالاک و منداڵکار بووەتە ئەستێرەی دەربەندیخان و ئەگەر وەک ئەمەی ئێستا بەردەوام بێت زۆر نابات دەبێتە ئەستێرەی هەموو عێراق و زیاتریش.

دیە وەلی یاریزانی تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخانە، ئەمساڵ بوونە پاڵەوانی لاوانی عێراق، بەڵام ئەوەی زیاتر لە بەدەستهێنانی نازناوەکە ئەو هاوارو پشتیوانییەی باوکی گرنگ بوو کە بووە مایەی سەرکەوتنی کچەکەی.

ڤیدیۆیەکی باوکی دییە وەک ئاگری ناو پووش لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، وەلی سەعید لەسەر قەراغی سیاجی هاندەرانی یاریگا دانیشتووەو پڕ بە گەرووی هاوار دەکات ”بژی” و وەک قەڵایەک لە پشتی کچەکەی وەستاوە.

دیە پاش سەرکەوتنەکەی نەیتوانی زۆر بحەوێتەوە، چونکە دەبێت گورج خۆی ئامادە بکات بۆ پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی کە لەتونس بەڕێوە دەچێت، ئێستا ئەم کیژۆڵەیە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە.

بۆ خۆ ئامادەکردن چووەتە یاریگایەکی لم راهێنان دەکات، باوکیشی وەک هەمیشە بەدیاریەوەیەتی، پەیامنێری 964 لە دەربەندیخان چووە لای دیەو باوکی.

دیە دەڵێت: “باوکم لە زۆرینەی یاریەکان و بەتایبەت یاریە گرنگەکان، وەک ھاندەرێک لەسەر کورسی ھاندەران دانیشتووە و بە ھاوارکردن و چەپڵە لێدان وزەی زیاترم پێدەبەخشێت”.

وەلی سەعید، باوکی دیە بە 964ى وت ” گوێم نەداوەتە قسەی خەڵک و هاندەرێکی سەرسەختی کچەکەمم، لە کاتی راھێنان و یاریەکانیش دەڕۆمە یاریگا بەردەوام ھانی دەدەم و زۆر دڵخۆشم بە سەرکەوتنەکانی، داوا لە هەموو باوکان دەکەم وەک من بن”.

دیەی 18 ساڵ زیاتر لە شەش ساڵە ئەم یارییە دەکات، ئێستا بەری ماندوبوونی خۆی و باوکی چنیوەتەوەو یەکێکە لە یاریزانە ھەڵبژێردراوەکانی عێراق بۆ پاڵەوانێتی تۆپی بالەی سەر لم کە لە وڵاتی تونس بەڕێوە دەچێت.

گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت خولیای یاریی لەشجوانیی...

گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت خولیای یاریی لەشجوانییە