کابانێک: بە دەزوو وشکی بکەنەوە

بۆ وشککردنەوەی بامێ رای پێچەوانە هەیە

+964

ئەحمەد مستەفا

کات کاتی وشک کردنەوەی و هەڵگرتنی بامێیە بۆ وەرزی زستان، پێشتر هەر بە رێگەی دەزوو بوو ئێستا ناو موجەمیدە و سرکەشی تێ کەوتووە، خێزانی وا هەیە بە سێ کیلۆ و خێزانی دیکە بە 10 کیلۆ بامیە وشک دەکەنەوە.

بە گوێرەی سۆراغی 964، مشتومڕی جیاواز هەیە لە بارەی وشککردنەوە و هەڵگرتنی بامێ ئەوانەشی ئەو رێگا جیاوازانەی هەڵگرتن پەیڕەو دەکەن بیانووی خۆیان هەیە.

لە هەرێمی کوردستان کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی وەک پێویست نییە، تاوس حەمە، کابانی ماڵەوەیە ئەو بە 964ی وت، “ساڵی رابردوو بەهۆی بڕان و هەندێک جار نەبوونی کارەبا ئەو بامیەی لە ناو مجەمیدە هەڵمگرتبوە، هەمووی خەسار بوو جگە لەوەی کەشەکە هۆکارە بۆ دروستبوونی نەخۆشی لەسەر بامییەکە”.

ئەو پێی وابوو، وشککردنەوەی بە دەزووی بامیە و دانانی لەبەر سێبەردا باشترین رێگەیە، وتی، “ئەگەر بۆ خواردنی ماڵەوە بێت، بە دەزوو بکرێن و لە شوێنێکی سێبەر هەڵبواسرێن، کاتێک وشک دەبنەوە و دەخورێن تامی بامیەی تەڕ نادات، بەڵام ناخۆشیش نییە”.

هەندێکی دیکە لەگەڵ ئەو رایە نین، و پێیان وایە، “زەرد بکرێ بە کوڵاندن و بکرێتە موجەمیدەوە باشترە و شیلەکەشی دەمێنێ”، چونکە بە وشککردن شیلەکەی لە دەستدەدات و هەندێ جار کرم دروست دەکات.

لە بارەی بەهای خۆراکی خواردنە هەڵگیراوەکان، سێوە خدر، پسپۆڕی خۆراکە ئەو بە 964ی وت، “خۆ دوورگرتن لە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی زیاتر لە ساڵێکە هەڵگیراون رێکاری پێویستە، چونکە بەهای خۆراکیەکەی لەدەست دەدات بە تێپەڕبوونی کات”.

وتیشی، “باشترە کابانەکان، خۆیان بە دووربگرن لە لێنانی بامێ لە قاپ و قاچاغی ئاسن و مس، چونکە دەبێتە هۆی گۆڕانی رەنگەکەی لە کاتی لێنانیدا، هەروەک دوورکەوتنەوە لە دانانی بامێ لەناو کیسەی پلاستیکی کون بەبێ پێچانەوەی بە نایلۆنی رووپۆشکردن، یان پەڕەی کاغەزی، چونکە شێدار و لینج دەبێت پاش تێپەڕینی تەنیا دوو یان سێ رۆژ”.

سوودی بامێ

له‌ توێژینه‌وه‌یەکدا کە پێگەی “organicfacts” بڵاوی کردووەتەوە، ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ بامێ به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌ خواردنه‌كانی تر چه‌ندان سوودی هه‌یه‌ بۆ جه‌سته‌ و له‌ زۆر نه‌خۆشی مه‌ترسیدار ده‌یپارێزێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی بامێ بڕێكی زۆر پڕۆتینی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌ ریشاڵییه‌ به‌سووده‌كان.

یه‌كێك له‌ سووده‌كانی خواردنی بامێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌ده‌ چالاك ده‌كات و ناهێڵێت كێشه‌ له‌ سیسته‌می هه‌رسدا دروست بێت، جگه‌ له‌وه‌ش سیسته‌مه‌كه‌ چالاك ده‌كات، هەروەک ئاستی بینایی به‌هێز ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، بامێ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ڤیتامین A و دژه‌ ئۆكسان، كه‌ چاوه‌كان له‌ ماده‌ ژه‌هراوییه‌كان ده‌پارێزن و ناهێڵن تووشی هیچ كێشەیه‌ك ببێت.

شێوازی دڵۆپاندن باشترین رێگەیە بۆ ئاودانی بامێ

شێوازی دڵۆپاندن باشترین رێگەیە بۆ ئاودانی بامێ