ئەندازیارێک وا دەڵێت

شێوازی دڵۆپاندن باشترین رێگەیە بۆ ئاودانی بامێ

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەندازیارێکی کشتوکاڵ دەڵێت، “باشترین رێگە بۆ ئاودانی بامێ رێگەی دڵۆپاندنە”، ئەوە لە کاتێکدا ئەم بەرهەمە بە بوونی پلەی گەرما لە گەشەی فراوانی خۆیدا دەبێت زوو زوو سەر دەردەهێنێت.

بامێ رووەکێکی هاوینەیە، پێویستی بە خۆری راستەوخۆ هەیە، بۆ چەکەرەکردنی تۆوەکان پێویستی بە پلەی گەرمی 21 بۆ 35 پلەی سەدی هەیە لە خاکێکی تێکەڵی دەوڵەمەند بە توخمە خۆراکییەکان باشتر گەشە دەکات.

بامێ یەکێکە لەو سەوزانەی کە بە درێژایی وەرزی هاوین دەتوانرێت بەرهەمی لێ دەست بکەوێت و دوای دوو بۆ سێ رۆژ لە چنینەوەی دەتوانرێت دووبارە بچنرێتەوە.

سەلام محەمەد، ئەندازیار لە کشتوکاڵی سلێمانی بۆ 964 ئاماژە بەوە دەکات، “بامێ رووەکێکی بە هێزە بەڵام، لەهەمان کاتدا ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی هەیە، بۆیە پێویستە بەردەوام چاودێری بکرێت و لە کاتی دەرکەوتنی هەر نەخۆشیەک بە خێرایی چارەسەر بکرێت”.

ئەو پێی وایە، “جۆرە تۆوانە بچێنرێت کە توانای بەرگەگرتنیان هەیە بۆ نەخۆشی و ئافاتە کشتوکاڵییەکان”، هەروەک ئاودان یەکێکە لە سەرەکیترین کردارە کشتوکاڵیەکان کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە چەندێتی و چۆنێتی و بڕی بەرهەمەوە هەیە، ئەو ئەندازیارە رای وایە، “باشترین رێگا بۆ ئاودانی بامێ شێوازی دڵۆپاندنە”.

بامێ، دوای چاندنی تۆوەکەی پێویستی بە 50 تاوەکو 60 رۆژ هەیە بۆ پێگەشتن، کاتێک درێژی بامێکە دەگاتە پێجن بۆ هەشت سانتیمەتر دەکرێت لێبکرێتەوە و رێگەنەدرێت کە زۆر گەورە ببێت و رەق ببێت.

بامێکەی بەسرە لە سلێمانی کیلۆی بە 45 هەزار دینارە

بامێکەی بەسرە لە سلێمانی کیلۆی بە 45 هەزار دینارە