"ئاژەڵ بۆ شارەکانی خوارووی عێراق ناڕوات "

چلەی ئیمام حوسێن بازاڕی ئاژەڵانی لە هەولێر کز کرد

+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

چەند رۆژێکە بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاری ئێرانی و رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا، بازاڕی ئاژەڵانی هەولێر کز بووە.
بە قسەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاژەڵان، ئەم چەند رۆژە زۆر بە کەمی بە بارهەڵگر ئاژەڵ دەڕوات بۆ شارەکانی خوارووی عێراق و ئەوەش بازاڕەکەی ئەوانی لە گەرموگوڕی خستووە.

حاجی محێدین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر به‌ 964ـى وت”، پێشتر رۆژانە بەردەوام 20 بۆ 25 بارهەڵگری ئاژەڵ دەچوو بۆ شارەکانی خوارووی عێراق، لەنێویشیاندا زیاتر کاوڕ رەوانە دەکرا، بەڵام چەند رۆژێکە بەهۆی داخستنی بازگەکان، لە بارهەڵگرێک یان دووان تێپەڕ نابێت، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕی ئێمە دروستکردووە”.

“کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ زۆر کەم بووەتەوە و تەنیا لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، نرخی یەک کیلۆ گۆشتی ئاژەڵ، 500 بۆ 600 دینار دابەزیوە و ئەوەش بۆ بازاڕی ئاژەڵان زۆر دەکات”، حاجی محێدین وادەڵێت.

ئێستا نرخەکان لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
گوێرەکە بۆ هەر کیلۆیەک حەوت هەزار دینار.
کاوڕ بۆ هەر کیلۆیەک حەوت هەزار و 600 دینار.
مەڕی سپی بۆ هەر کیلۆیەک شەش هەزار دینار.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

جموجۆڵ كه‌وتووه‌ته‌ ناو مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر

جموجۆڵ كه‌وتووه‌ته‌ ناو مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر