"دوو کەس گیانیان لەدەستداوە"
لەناو تونێلی دەربەندیخان تانکەرێکی نەوت کەوت بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا
964+
ئەحمەد مستەفا
لەناو تونێلی دەربەندیخان تانکەرێکی نەوت دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا و بەپێی زانیارییەکانی هاتوچۆیی دەربەندیخان، ” لە کۆی پێنج سەرنشین، دوو کەسییان گیانیان لەدەست داوە”.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، نزیک کاتژمێر 2:00ی بەیانی روویداوە، “بەهۆیەوە رێگەی تونێل داخراوە و شۆفێرانی تایبەت دەبێت لە رێگەی شاخەوە هاتوچۆ بکەن و بارهەڵگرەکانیش بە کاتی پارک دەکرێن”.
هاتوچۆی دەربەندیخان لەسەر رووداوەکە لە فەیسبووکی خۆی، ئەوەی ئاشکراکردووە، “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بارهەڵگرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لەناو تونێڵی دەربەندیخان وەردەگەڕێت و دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا کە پێنج سەرنشینی تێدایە”.
ئەوەشی وتووە، “سەرجەم هێز و تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی دەرهێنانی سەرنشینەکاندابوون، کە وەک کۆتایی زانیاری سییان لەسەر نشینەکان دەرهێنراون بریندارن و دووانیش کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا ماونەتەوە گیانیان لەدەست داوە”.
لە ئێستادا رێگای تونێڵ داخراوە، هاتوچۆی شارەکە دەڵێت، “هەر بۆیە ئۆتۆمبێلی بچوک دەتوانن لەسەر رێگای شاخی بەرانانەوە هاتوچۆ بکەن و بارهەڵگرەکانیش لە دەرەوەی شار لە شوێنیکی سەلامەت پارک بکەن تا کردنەوەی رێگاکە”.
“بەهۆی مەترسی تەقین و سووتانی تەنکەرەکە کە لەناو تونێڵ وەرگەراوە پێویستی بە کات دەبێ تا رێگاکە دەکرێتەوە”، هاتوچۆی دەربەندیخان وا دەڵێت.