پێوسیتە چی بکەیت تا کۆریای باشوور دەرفەتی خوێندنت پێبدات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا خوێندکارانی هەرێم بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا و لە سێ بواردا دەنێردرێن بۆ کۆریای باشوور و ئەو وڵاتەش خەرجییان دەکات.

تۆڕی964 دەزانێت، خوێندنەکە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت، تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت و موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان وەردەگرێت.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم ە تۆڕی 964ـی راگەیاند: پسپۆڕییەکان تەنیا سێ بوار دەگرێتەوە، ئەوانیش سیاسەتی گشتی، سیاسەتی پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی گشتییە.

دەشڵێت: ئێستا هەرکەسێک خوازیارە لەو بوارانەدا لەو وڵاتەدا بخوێنێت دەتوانێت فۆڕم پڕبکاتەوە.

تۆڕی964 مەرجەکانی خوێندنەکە ئاشکرا دەکات، ئەوانەی دەیانەوێت بۆ ماستەر و دکتۆرا بخوێنن پێویستە خەلکی هەرێمی کوردستان بن.

هەروەها خاوەن بڕوانامەی هەمان ئەو بەشە بن کە پڕیدەکەنەوە و پێویستە داواکار دوو ساڵ خزمەتی هەبووبێت دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی یەکەمی.

 بە قسەی عەباس ئەکرەم بێت، تا ئێستا نازاندرێت چەند خوێندکار دەنێردرێت، چاوەڕێی ئەوەن بزانن چەند داواکاری بۆ خوێندن دێت و ئەوکاتە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت”.