جارێ تۆماری ناکات
کامێرای تیژڕۆیی گەیشتە رێگەی مەخموریش
964+
ئەحمەد مستەفا
کامێرای تۆمارکردنی خێرایی لەسەر رێگەی هەولێر بۆ مەخمور دانراون، “هێشتا بە فەرمی رانەگەیەندراوە کە سەرپێچی تۆمار دەکات”، کامێراکان نوێن و بە چوار راگیر پێش و پاشیان پارێزراوە.
مەخمور لە هەولێرەوە 62 کیلۆمەتر دوورە، دەیان ناحیە و گوند دەکەونە ناوەندی چوون و هاتنی رێبوارانی رێگەکە.
بە گوێرەی ئەو دیمەنە تۆمارکراوانەی گەیشتووە بە 964، کامێرا نوێیەکان لە چەند جێگەیەک دانراون و پێ دەچێت لە سەرەتای دانان و تێستکردندا بن، موقەدەم هێمن حەمەدەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە بارەی دانانی ئەو کامێرایانەوە، 964 چەند جارێک پەیوەندی پێوە کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
بە گوێرەی سۆراغی 964 و زانیارییەکانی بەردەستی کە لە ئەفسەرانی هاتوچۆی رێگەکە وەریگرتووە، “ئەو كامێرایانە ئێستا لە قۆناغی دانان و تێستدان، بڕیارەکە بەوجۆرەیە دواتر بكرێ بە هەمیشەیی و رابگەیەندرێت کە سەرپێچی تۆمار دەكات”.
ئەوە بەشەی کە تێیدا دانراوە جووتسایدە، خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، هەروەها بارهەڵگرەکان 80 کیلۆمەتر دیاری کراوە.
ئەوە لە کاتێکدا رۆژی 14ی ئەم مانگە، هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، “کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی لە 33 شەقامی سەنتەر و دەرەوە جێگیر دەکرێن و کامێرا گەڕۆکەکانیش دەکرێنە کامێرای جێگیر، هەروەک لە 24ی ئەم مانگەوە سەرپێچی تۆمار دەکەن”.
هاتوچۆ ئاماژەی بەوەکردبوو، “هۆکاری دانانی کامێراکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی رووداوەکان و پاراستنی گیانی هاوڵاتییانە، داواشی لە شۆفێران کردبوو، پابەند بن بە خێرایی رێگەپێدراو و خۆیان بپارێزن لە تیژڕۆیی”.