لە دهۆک

قەلەڕەشێک ئاگری لە ناوچەیەک بەردا و کارەبای گوندێکیشی بڕی

هێڤی دێوالی- دهۆک

لە دهۆک قەلەڕەشێک ئاگری لە ناوچەیەک بەردا و کارەبای گوندێکیشی بڕی.

بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە 964ـی وت، “ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19.8.2024 بنکەی ئاگرکوژێنەوەی بەرۆشکی ئاگادارکراونەتەوە لەوەی ئاگر لە پووش و پەڵاشی گوندی (گەلی رومانە) کەوتووەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان دوای زیاتر لە نیو کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن”.

وتیشی، لە نزیکی شوێنی ئاگرەکە بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی لێ بوو، کە هاوکاریان بوون لە کۆنتڕۆلکردنی ئاگرەکە.

“ئاگرەکە بەهۆی ئەوەوە دروست ببوو، کە قەڵەڕەشێک بەر تەلی کارەبای گوندی (گەلی رومانە) کەوتبوو و تا ئەو کاتەی تیمەکانی ئێمە لەوێ بوون، کارەبای گوندەکە بڕابوو”، بێوار عەبدولعەزیز ئەوەشی وت.

سەبارەت بەو پرسە 964 پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دهۆکەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری