دوای 12 ساڵ پڕۆژەکە تەواو دەکرێت

کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەزای دەربەندیخان چارەسەر دەکرێت

ژێوار خدر

لە کۆتاییدا بڕیار درا بە تەرخانکردنی بڕی پارەی پێویست بۆ تەواو کردنی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی قەزای دەربەندیخان، کە ماوەی 12 ساڵە دەستی پێکراوە و تا ئێستا تەواو نەکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان لە سۆشیال میدیای خۆیان بڵاویان کردەوە، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار دراوە بە خەرجکردنی بڕی 10 ملیۆن دۆلار بە شێوەی نەختینە، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2024.08.18، بۆ تەواو کردنی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان.

پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی قەزای دەربەندیخان لە ساڵی 2012ەوە بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی چەندین جار کارکردن لە پرۆژەکە راگیراوە، نزیکەی 60%ى کارەکانی پرۆژەکە تەواو بووە، وەک پێشتر راگەیاندراوە پرۆژەکە پێویستی بە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ تەواو کردنی.