بەهۆکاری ئاگرەکە هاوڵاتیەک دەستگیر کراوە
لە سنووری سیتەک ژمارەیەک داری سروشتی و رەزی هاوڵاتیان سووتا
+964
توانا نەقی
لە یەکێک لە گوندەکانی سنووری ناحیەی سیتەک ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر داری سروشتی و رەزو باخی هاوڵاتیان سووتا، بەهۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش هاوڵاتیەک دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاگرێك لە سنوری گوندی ( پیری شەوکێڵ ) کەوتەوە و بووە هۆی سووتانی نزیکەی سێ دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی هەروەها سوتانی چەندین رەزو باخی هاوڵاتیان.
دەشڵێت، لە پێناو کوژاندنەوەی ئاگرەکە مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك دەرچوون بۆ شوێنی رووداوەکە لە ئەنجامدا بە هاوکاری ئاگر کوژێنەوە و ئاسایشی قەزای چوارتا توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوڵاتیەك بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرەکە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.