چلەی ئیمام حوسێن

زیاتر لە 250 هەزار زیارەتکار لە حاجی ئۆمەران و مونزەرییەوە گەیشتوونەتە کەربەلا

964+

شۆڕش قادری

تا ئێستا زیاتر لە 250 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و مونزەرییەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.

ئیرەج دەستنیشان، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی ورمێ بە ئاژانسی هەواڵی مێهری راگەیاندووە، “لە سەرەتای دەستپێکردنی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا تا ئێستا، زیاتر لە 53 هەزار زیارەتکار لەڕێی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە، سەفەریان کردووە”.

” پێشتر سیروان بارزانی، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە 964ـی وتووە، “لە دەروازەکە 58 گێتی پاسپۆرت ئامادەکراوە کە لە خولەکێکدا دەتوانن 58 کەس بەڕێبکەن، نزیکەی دوو هەزار پاس بۆ گواستنەوەی زیارتکاران ئامادەیە کە رۆژانە دەتوانن 50 هەزار کەس بگوازنەوە”.

بەپێى ئامارەکانى دەروازەکە، ساڵی رابردوو لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە 70 هەزار زیارتکارى ئێرانى سەردانی نەجەف و کەربەلایان کردوە و زیاتر لە 50 هەزاریش هەر لە رێگای ئەو دەروازەیەوە گەڕاونەتەوە ئێران.

حەیدەر ئەبوزەهرا بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەری زیارەتکارانی ئێران لە دەروازەی نێودەوڵەتی مونزەرییە بە 964ـی وت، “ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی 200 هەزار زیارەتکار لەڕێی مونزەرییەوە، خۆیان گەیاندووەتە کەربەلا”.

سەبارەت بەو پرسە و بۆ وەرگرتنی ئاماری هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە درەوازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە، 964 پەیوەندی کرد بە مەریوان کەریم، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەرزی باشماخ، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

نزیکەی دوو هەفتەیە، رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن لە کەربەلا دەستیپێکردووە و تا نۆ رۆژی تر بەردەوام دەبێت.

مەرزی حاجی ئۆمەران لە پێشوازی زیارەتکارانی ئیمام حسێن...

مەرزی حاجی ئۆمەران لە پێشوازی زیارەتکارانی ئیمام حسێندا